ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥دا ڕێژەیەکی ترسناکی لەسێدارەدان تۆمار کردووە


وێستگەنیوز-

ڕاپۆرتێکی هاوبەشی هەردوو ڕێکخراوی "مافی مرۆڤی ئێران" كه‌ باره‌گاكه‌ی لە نەرویجه‌ و ڕێکخراوی "پێکەوە دژی سزای لەسێدارەدان"ی فەڕەنسی، ئاشکرایان کردووه‌، دەسەڵاتدارانی ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا، لانی کەم ١٦٣٩ سزای لەسێدارەدانیان جێبەجێ کردووە؛ ئەمەش بەرزترین ئاماری ساڵانەیە کە لە دوای ساڵی ١٩٨٩وە، تۆمار کرابێت.


ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ساڵی ڕابردوودا، بە ڕێژەی 68% زیادی کردووە، بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ کە تێیدا ٩٧٥ کەس لەسێدارە درابوون و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، له‌و ژماره‌یه ٤٨ كه‌سیان ژن بووه‌.

هەردوو ڕێکخراوەکە، هۆشداریی ده‌ده‌ن لەوەی ڕەنگە دەسەڵاتدارانی ئێران، لە قۆناغی داهاتوودا، سزای لەسێدارەدان بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بەکاربهێنن، بەتایبەت دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی كانونی دووه‌می ڕابردوو و شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا.

له‌م باره‌یه‌وه‌، ڕاپۆرتەکە دەڵێت "مەترسییەکی جدی" هەیە کە تاران لەسێدارەدان، وەک ئامرازێک بۆ "سەرکوتکردن و کۆنتڕۆڵکردن" بەکاربهێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئاماری له‌سێداره‌دانه‌كان، بە مانای ئه‌وه‌یه‌ رۆژانه‌ تێكڕا زیاد له‌ 4 كه‌س له‌سێداره‌دراون. هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه‌ جەخت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئەم ژمارەیە "كه‌مترین ژماره‌یه‌ كه‌ پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌"، چونکە تەنها پشتیان بەو حاڵەتانە بەستووە کە لەلایەن دوو سەرچاوەی سەربەخۆوە دۆکیومێنت کراون، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران زۆربەی لەسێدارەدانەکان بە فەرمی ڕاناگەیەنن.

راپۆرته‌كه‌ له‌ به‌شێكی دیكه‌دا، هۆشداری ده‌دات له‌وه‌ی "سەدان خۆپیشاندەری دەستگیرکراو" هێشتا لەژێر مەترسی دەرچوونی سزای لەسێدارەداندان، بەتایبەت ئەو کەسانەی بەهۆی خۆپیشاندانەکانی مانگی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٦وە، تۆمەتی قورسیان ئاڕاستە کراوە.

ئەو خۆپیشاندانانە ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی ئەمنیی توند بوونەوە و به‌ گوێره‌ی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و دەستگیرکردنی دەیان هەزاری دیکە.

ڕاپۆرتەکە باس له‌وه‌ ده‌كات، ئاماری ساڵی ٢٠٢٥، بەرزترین ئاستە لەوەتەی ڕێکخراوی "مافی مرۆڤی ئێران" لە ساڵی ٢٠٠٨وە، دەستی بە دۆکیومێنتکردنی لەسێدارەدانەکان کردووە، هەروەها لە دوای ساڵانی یەکەمی شۆڕشی ١٩٧٩وه‌، به‌ به‌رزترین ئاستی له‌سێداره‌دان داده‌نرێت لەو وڵاتەدا.


AM:11:43:13/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو