دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بەبێ رێککەوتن کۆتایی هات


وێستگەنیوز-

قۆناغێکی دیکەی دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان شاندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە شاری ئیسلام ئابادی پاکستان کۆتایی هات، بەڵام تاران و واشنتۆن نەگەیشتنە رێککەوتن.


ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی نیسانی 2026، دوای 21 کاتژمێر دانوستانەکانی هەردوو شاندی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان کۆتایی هات نەگەیشتنە رێککەوتن، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێش جێهێشتنی پاکستان رایگەیاند، "ئێران هیچ پابەندییەکی دژی چەکی ئەتۆمی پیشان نەدا".

هەروەها جێگری سەۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، "ئێران بڕیاریداوە مەرجەکانی ئەمریکا قبوڵ نەکات و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران تێکدراون، بەڵام لایەنی ئێرانی بەڵێنی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەداوە و هیچ پابەندییەکی دڵنیامان لێ نەبیستوون سەبارەت بە چەکی ئەتۆم".

لای خۆشییەوە ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، "وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵە نێوەندگیرییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران تەنانەت دوای ئەوەی گەڕی کۆتایی گفتوگۆکان بەبێ گەیشتن بە رێککەوتن کۆتایی هات".

ئیسماعیل باقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی، "تاران و واشنتۆن لەسەر چەندین تەوەر گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بەڵام ناکۆکی لەسەر دوو یان سێ پرسی گرنگ ماوەتەوە".

جەختی لەوەشکردەوە، "دیپلۆماسی هیچ کاتێک کۆتایی نایەت، ئەمە ئامرازێکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان. ئەرکی دیپلۆماتکاران ئەوەیە چ لە کاتی شەڕدا بێت و چ لە کاتی ئاشتیدا، ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن".




AM:09:39:12/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت