بەهێزترین جەنەڕاڵه‌كه‌ی پاکستان کێیە كه‌ ترەمپ هەمیشە ستایشی دەکات؟


وێستگەنیوز-

لەگەڵ دەستپێکردنی دیدارەکان، لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، لە نێوان شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس و شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان، هه‌روه‌ها دیداری شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف، لەگەڵ شه‌هباز شه‌ریف، ناوی "عاسم مونیر" فەرماندەی سوپای پاکستان، بە شێوەیەکی بەرچاو دەدرەوشێتەوە.


ئەم جەنەراڵە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 11ی نیسانی 2026، بەشداری لە پێشوازیکردنی جەی دی ڤانس کرد، هەروەها ئێوارەی دوێنێ، هه‌ینی 10ی نیسانی 2026، پێشوازی لە شاندی ئێرانی کرد و دووجار لەگەڵیان کۆبووەوە.
ڕۆڵی عاسم مونیر تەنها لە تەوقەکردن لەگەڵ شاندەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو ئەو، وەرچەرخانێکی ناوازەی لە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و ئیسلام ئاباددا، دروست کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، شارەزایان و کەسانی ئاگادار لە هەوڵەکانی نێوەندگیری، پێیان وایە فەزڵی ڕێکخستنی ئەم دانوستانانە، بۆ مونیر دەگەڕێتەوە و ناوبراو سوودی لە پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمریکا وەرگرتووە.

مەلیحە لۆدی، باڵیۆزی پێشووی پاکستان لە ئەمریکا دەڵێت: "ئەم پیاوە بە ئەندازیاری سیاسەتی دەرەوەی پاکستان دادەنرێت". هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد مونیر ڕەنگە تاقە کەسایەتیی جیهانی بێت کە ترەمپ بەردەوام ستایشی دەکات.

له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرساندنی ئه‌م جەنگە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوو، پاکستان لەگەڵ نێوەندگیرانی میسر و تورکیا، کاری کرد بۆ ڕێکخستنی دانوستانە ڕاستەوخۆکان و هەماهەنگی لەگەڵ سعوودیەش کردووە کە ڕێکەوتنی بەرگریی هاوبەشی لەگەڵیدا هەیە.

پەیوەندییەکانی ئەمریکا و پاکستان، دوای کوژرانی ئوسامە بن لادن لە ساڵی ٢٠١١ و دواتریش، لە سەردەمی عیمران خان، تووشی ساردییەکی زۆر ببوو، بەڵام دوای هەڵبژاردنەوەی ترەمپ، بەستەڵەکی نێوان هەردوو وڵات شکا و تووایه‌وه‌.

بەپێی وتەی جەنەراڵ مایکل کۆرێلا، پاکستان لە ڕێگەی هاوبەشییەکی ناوازەوە لەگەڵ ئەمریکا، توانیویەتی دەیان چەکداری "داعشی خۆراسان" بکوژێت و چەندین پلاندانەری هێرشە تیرۆریستییەکان دەستگیر بکات.

جگە لەمانە، مونیر هەوڵی داوە پێگەی پاکستان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر بکات، ئەوەش لە ڕێگەی پێشنیارکردنی هاوکاری لە پڕۆژەکەی ترەمپ بۆ دروستکردنی هێزێکی ئاشتیپارێز لە غەززە.

هەروەها ڕۆڵی هەبووە لە خاوکردنەوەی گرژییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ لەگەڵ ئێران و میوانداریکردنی عەلی لاریجانی، بەرپرسی پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، پێش ئەوەی ناوبراو لە مانگی ئازاری ٢٠٢٦، لەلایەن ئیسرائیلەوە تیرۆر بکرێت.

عاسیم مونیر ساڵی ٢٠١٨ بوو بە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی پاکستان (ISI)، بەڵام دوای کەمتر لە ساڵێک، لەلایەن عیمران خانەوە لادرا، ئه‌م هه‌نگاوه‌ کارێکی کەم وێنە بوو لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.

كه‌چی دوای متمانە لێسەندنەوە لە عیمران خان لە نیسانی ٢٠٢٢، مونیر وەک فەرماندەی سوپا دەستبەکاربوو.

له‌م جه‌نگه‌ی ئێستادا، دوای ئەوەی هەوڵەکانی هێورکردنەوە، گەیشتنە بنبەست و ترەمپ تا ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، مۆڵەتی دایە ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، بەرپرسانی پاکستان و میسر و تورکیا زنجیرەیەک پەیوەندیی چڕیان ئەنجام دا.

دواجار بەرەبەیانی چوارشەممەی ڕابردوو، ٨ی نیسان، شەهباز شەریف لە پۆستێکدا لە "ئێکس" ڕایگەیاند: "بەوپەڕی سادەییەوە، خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانیان، لەسەر ئاگربەستێکی دەستبەجێ ڕێکەوتن".


PM:02:45:11/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت