مینە "ونبووه‌كان" ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ لە گەرووی هورمز دروست دەکەن و ئێران توانای دۆزینه‌وه‌یانی نییه‌


وێستگەنیوز-

لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، ئێران نەیتوانیوە گەرووی هورمز بە تەواوەتی، بە ڕووی هاتوچۆی دەریاوانیدا بکاتەوە؛ بەرپرسانی ئەمریکی ئەمە بۆ ئەوە دەگێڕننەوە، تاران ناتوانێت شوێنی هەموو ئەو مینانە دیاری بکات کە لە گەرووەکەدا چاندوونی، هەروەها توانای پێویستیشی بۆ هەڵگرتنەوەیان نییە.


بەپێی ئەوەی بەرپرسان بۆ ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە، "مینە ونبووه‌كان" یەکێکن لە هۆکارەکانی سستیی ئێران، لە وەڵامدانەوەی داواکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی كه‌شتی زیاتر، بەناو ئەم ڕێڕەوە زیندووەدا.

ئەم بابەتە ئەگەری هەیە ببێتە گرێکوێرە، لە بەردەم کۆبوونەوەی دانوستانکارانی ئێران و شاندی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک لە پاکستان، کە مەبەست لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگ، بە شێوەیەکی یەکجاری.

ئێران لە مانگی ئازاری ڕابردوودا، کەمێک دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەلەمی بچووکی بۆ چاندنی مین لە گەرووەکەدا بەکارهێنابوو.
ئەم مینانە، لەگەڵ هەڕەشەی هێرشی درۆن و مووشەکەکان، بوونە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، ئەمەش نرخی وزەی بەرزکردەوە و کارتێکی گوشاری دایە دەست تاران.

لە بەرانبەردا، ئێران تەنیا یەک ڕێڕەوی بە کراوەیی هێشتووەتەوە، بۆ تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانەی باج دەدەن، یان ئەو وڵاتانەی کە تاران بە دۆستی خۆی دەزانێت.

له‌م باره‌یه‌وه‌، سوپای پاسداران هۆشداریی داوەتە کەشتییەکان لە ئەگەری بەریەککەوتن لەگەڵ مینە دەریایییەکان، میدیا نیمچە فەرمییەکانیش نەخشەی ئەو ڕێگایانەیان بڵاوکردووەتەوە کە بە "ئارام" ناوبرابوون.

بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن ئەم ڕێگایانە زۆر سنووردارن، چونکە ئێران "بە شێوەیەکی هەڕەمەکی مینەکانی لە گەرووەکەدا چاندووە".

بەپێی "نیویۆرک تایمز"، ڕوون نییە ئایا ئێران شوێنی هەموو مینەکانی تۆمار کردووە یاخود نا، تەنانەت ئەوانەشی کە تۆمارکراون، هەندێکیان بە جۆرێک دانراون کە شەپۆلەکانی دەریا دەیانجوڵێنێت و دەیانبات بۆ شوێنی دیکە.

هەڵگرتنەوەی مینی دەریایی زۆر قورسترە لە چاندنی؛ سوپای ئەمریکا لەم بوارەدا پشت بە کەشتییە جەنگییە کەنارییەکان دەبەستێت کە بە ئامێری مینهەڵگر تەیار کراون. ئێران خۆیشی توانای پێویستی نییە بۆ هەڵگرتنەوەی خێرای ئەو مینانەی کە خۆی چاندوونی.

ڕۆژی سێشەممە، ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، باسی لە ئاگربەستی دوو هەفتەیی کرد، بە مەرجی "کردنەوەی تەواوەتی و دەستبەجێ و ئارامی" گەرووی هورمز.

ڕۆژی چوارشەممەش، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند گەرووەکە بە ڕووی هاتوچۆدا دەکرێتەوە "بە ڕەچاوکردنی سنووردارێتییە تەکنیکییەکان"؛ بەرپرسانی ئەمریکی ئەم دەستەواژەیەی عێراقچی، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستەوەستانیی تاران لە دیاریکردنی شوێنی مینەکان یان خێرا هەڵگرتنەوەیان لێکدەدەنەوە.


PM:01:07:11/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت