تاران دەیەوێت باجی تێپەڕین لە گەرووی هورمز بە ڕیاڵی ئێرانی وەربگرێت


وێستگەنیوز-

ئێران هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووی ستراتیژیی هورمزدا وەک ئەمری واقیع بسەپێنێت، ئەمە لە گه‌رمه‌ی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دێت، چونکە ئەم ڕێڕەوە زیندووە، بەشێکی زۆری نەوت و کاڵا سەرەکییەکانی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، موڵکی هیچ دەوڵەتێک نییە و یاسا نێودەوڵەتییە ڕوونەکان، هاتوچۆی دەریاوانی تێیدا ڕێک دەخەن.


ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسایه‌كی تایبەت بە گەرووی هورمز، جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت باجی تێپەڕین، بە ڕیاڵی ئێرانی بدرێت.

تاران لەم هەنگاوەیدا دەیەوێت دوو ئامانج بپێکێت: یەکەمیان دەستکەوتی دارایی و دووەمیشیان بەرزکردنەوەی بەهای دراوەکەی، کە لە مانگەکانی ڕابردوودا، بەهۆی جەنگی ئێستاوە، دابەزینی گەورەی بەخۆوە بینیوە و پێشبینی دەکرێت زیاتریش دابەزێت.

عەزیزی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێراندا، ئاماژەی بەوە کرد پەرلەمان پڕۆژەیاسایەکی بۆ "تێپەڕبوونی ئارام" لە گەرووی هورمز ئامادە کردووە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد دوای پەسەندکردنی ئەم پڕۆژەیاسایە، گەرووەکە بە تەواوی دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی گشتگیر و هەمەلایەنەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە.

هەروەها سەبارەت بە گەرووەک، ئاماژەی بە ئەگەری واژۆکردنی ڕێکەوتننامەیەکی هاوکاری لەگەڵ سوڵتاننشینی عومان کرد. لەم ڕستەیەی کۆتایییەوە، ئەوە دەردەکەوێت تاران دەیەوێت مەسقەت لەم دۆسیە پڕ کێشەیە تێوه‌بگلێنێت.

سەرەڕای ئەوەی عومان پێشتر، ڕەوایەتیی کۆنترۆڵکردنی گەرووەکەی لەلایەن هەر دەوڵەتێک و سەپاندنی باجی تێپەڕینی ڕەت کردووەتەوە و پابەندبوونی خۆی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان دووپات کردووەتەوە.

ئێوارەی هەینی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، جەختی له‌وه‌ کردەوە واشنتۆن ڕێگە نادات ئێران، باجی تێپەڕین لە گەرووی هورمز بسەپێنێت. ئەم لێدوانەی ترەمپ، تەنها چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، له‌ "تروس سۆشیاڵ"دا بڵاوکرایەوە.

ترەمپ له‌و پۆسته‌یدا ده‌ڵێت، "ڕاپۆرتێک هەیە دەڵێت ئێران باج دەخاتە سەر ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، باشتر وایە ئەوە نەکات، ئەگەر دەشیكات، دەبێت دەستبەجێ ڕایبگرێت".

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 11ی نیسانی 2026، ئیسلام ئاباد میوانداری دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بکات، بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی.

تەلەفزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە شاندی تاران بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان دەبێت. لە لایەکی تریشەوە، کۆشکی سپی ڕایگەیاند جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەشداری گەڕی یەکەمی دانوستانەکان دەکات.

بەرەبەیانی چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ ڕەزامەندی لەسەر ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، بۆ ماوەی دوو هەفتە نیشان دا، بەڵام ئەمەی مەرجدار کرد بە کردنەوەی تەواوەتی و دەستبەجێی گەرووی هورمز.

پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ی شوباتی ڕابردوو، هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچوو و ڕۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕده‌بوو.

بەڵام جەنگ ئەم ڕێڕەوەی تێکدا و بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز لە جیهاندا. لە 2ی ئازاری ڕابردوودا، ئێران داخستنی گەرووی هورمزی ڕاگەیاند و هەڕەشەی کرد کە هێرش دەکاتە سەر هەر کەشتییەک بیەوێت بێ هەماهەنگی لەوێوە تێپەڕ بێت.


AM:11:43:11/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت