سەرچاوەیەک بۆ ئاژانسی تەسنیم: هیچ شاندێکی دانوستانکاری ئێران نەچووەتە ئیسلام ئاباد
وێستگەنیوز-
ئێران رەتیدەکاتەوە هیچ شاندێکی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا چووبێتە پاکستان، هاوکات جەخت دەکاتەوە دەستپێکردنی دانوستان پەیوەستە بە راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.
ئەمڕۆ هەینی 10ی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە هیچ شاندێکی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنی ئەمریکا، نەچووتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان.
سەرچاوەکە دەڵێت، "تا ئەو کاتەی ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت و ئاگربەست لە لوبنان جێبەجێ نەکرێت، هەروەها ئیسرائیل لە هێرشەکانی بەردەوام بێت، بە هیچ جۆرێک دانوستان ناکەین".
وەزیری دەرەوەی پاکستان لە بارەی ئامادەکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ میوانداری دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا رایگەیاندووە، "پێشوازی لە شاندی وڵاتان دەکەین بۆ گفتوگۆکانی 2026 لە ئیسلام ئاباد".
داواشی لە هێڵە ئاسمانییەکان کردووە بەبێ ڤیزا رێگە بە رۆژنامەنووسان و شاندی وڵاتان بدەن گەشت بکەن و لەگەڵ گەیشتنیان بە فڕۆکەخانەی ئیسلام ئاباد ڤیزایان پێدەدرێت.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، لە کاتژمێر 3:00ـەوە، ئاگربەستێکی دوولایەنەی 14 رۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ هەینی بە نێوەندگیریی پاکستان، گفتوگۆی راستەوخۆی هەردوو وڵات لە ئیسلام ئابادی پایتەخت دەستپێبکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
AM:09:53:10/04/2026
ئهم بابهته 412
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت