نەتانیاهۆ: فەرمانی دەستپێکردنی دانوستانی راستەوخۆم لەگەڵ لوبنان دەرکردووە
وێستگەنیوز-
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی
پێنجشەممە ڕایگەیاند کە فەرمانی بە حکومەتەکەی کردووە دانوستانی ئاشتی لەگەڵ
لوبنان دەستپێبکەن، کە پرسی داماڵینی چەکی حیزبوڵا یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکان.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی
ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا لە زاری نەتانیاهۆوە بڵاویکردەوە: "بەهۆی داواکارییە
بەردەوامەکانی لوبنان بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆ، دوێنێ فەرمانم بە کابینەکەم
کرد لە زووترین کاتدا دانوستان لەگەڵ لوبنان دەستپێبکەن. ئەم گفتوگۆیانە تیشک دەخەنە
سەر داماڵینی چەکی حزبوڵڵا و دروستکردنی پەیوەندییەکی ئاشتییانە لە نێوان هەردوو وڵاتدا."
هاوکات، کەناڵی "NBC News" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە کە دۆناڵد
ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە نەتانیاهۆ کردووە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل
بۆ سەر لوبنان کەم بکاتەوە، ئەمەش بە مەبەستی زامنکردنی سەرکەوتنی دانوستانەکان لەگەڵ
کۆماری ئیسلامی ئێران. بەپێی وتەی سەرچاوەکە، نەتانیاهۆ ڕەزامەندی لەسەر داواکارییەکەی
سەرۆکی ئەمریکا دەربڕیوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە
کە تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش بەیاننامەکەی نەتانیاهۆ، جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری
لوبنان ڕایگەیاندبوو: "تەنیا ڕێگەچارە بۆ دۆخی لوبنان، گەیشتنە بە ئاگربەست لەگەڵ
ئیسرائیل و بەدوای ئەوەشدا دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوولادا."
بەیاننامەکەی نەتانیاهۆ
لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل سەرەڕای بوونی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران، بەردەوامە
لە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان. ئێران جەخت دەکاتەوە کە ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە،
بەڵام ئەمریکا دەڵێت ڕێکەوتنەکە لوبنان ناگرێتەوە.
سوپای ئیسرائیل کەمێک
پێش بەیاننامەکە، هۆشداریی چۆڵکردنی چەندین ناوچەی باشووری بەیروتی دابوو. حیزبوڵاش
سێ ڕۆژ دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هێرشە موشەکییەکانی
بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووەتەوە.
بەپێی ئاماری بەرپرسانی
لوبنان، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی نزیکەی ١٧٠٠ کەس و ئاوارەبوونی زیاتر
لە یەک ملیۆن کەس. لە بەرامبەریشدا، حیزبوڵا سەدان موشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل
کردووە کە زیانی بە چەندین خانوو گەیاندووە و دەیان کەسیش بریندار بوون.
PM:09:41:09/04/2026
ئهم بابهته 232
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت