موجتەبا خامنەیی لە پەیامێکدا جەخت لە وەرگرتنی "قەرەبوو" دەکاتەوە


وێستگەنیوز-

میدیاکانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە دەقی پەیامێکی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەدا جەخت لە سەپاندنی سنووردارکردنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز و وەرگرتنی "قەرەبوو" لەلایەن ئێرانەوە کراوەتەوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "بە دڵنیاییەوە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دەخەینە قۆناغێکی نوێوە و داوای قەرەبووی یەکە یەکەی ئەو زیانانە دەکەین کە بەرمان کەوتووە، لەگەڵ خوێنبای شەهیدان و دیەی بریندارانی ئەم جەنگە."

موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا هۆشدارییەکی ناڕاستەوخۆی ئاراستەی وڵاتانی دراوسێی باشووری ئێران کردووە و تێیدا هاتووە، "بە دروستی ببینن و تێبگەن، لە شوێنی ڕاستدا بوەستن و بەدگومان بن بەرامبەر بە بەڵێنە درۆینەکانی شەیتانەکان." هەروەها داوای لەو وڵاتانە کردووە کە "پەرچەکردارێکی گونجاو" نیشان بدەن تاوەکو "براێتی و دڵسۆزیی" ئێران ببینن.

لە پەیامەکەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدا، ئاماژەیەکی ئەوتۆ بە دانوستانەکانی داهاتووی نێوان ئێران و ئەمریکا نەکراوە، تەنیا داوا لە لایەنگرانی حکومەت کراوە کە لە شەقامەکاندا بمێننەوە و دەڵێت: "هەرا و هاواری ئێوە لە مەیدانەکاندا، کاریگەری لەسەر ئەنجامی دانوستانەکان دەبێت."


PM:09:30:09/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو