سەرەڕای ناڕەزایی حیزبوڵا، حکومەتی لوبنان بڕیاری قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەکی دەرکرد
وێستگەنیوز-
تەنیا یەک ڕۆژ دوای هێرشە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر
لوبنان، حکومەتی ئەو وڵاتە فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کرد کە هەڵگرتنی چەک لە بەیروت
تەنیا بۆ دامەزراوە حکومییەکان بێت.
نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، رۆژی پێنجشەممە ٩ی
نیسانی ٢٠٢٦ لە کۆتایی کۆبوونەوەی کابینەی وەزیراندا ڕایگەیاند: "داوا لە
سوپا و هێزە ئەمنییەکان دەکرێت دەستبەجێ دەسەڵاتی تەواوی دەوڵەت بەسەر پارێزگای بەیروتدا
بسەپێنن و چەک تەنیا لە دەستی لایەنە شەرعییەکاندا بێت."
پۆڵ مۆرکۆس، وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان ئاماژەی بەوە کرد کە
ئەم بڕیارە بووەتە هۆی ناڕەزایەتی هەردوو وەزیرەکەی حیزبوڵا لە ناو کابینەی حکومەتدا.
حکومەتی لوبنان ماوەیەکی کەم دوای دەسپێکی جەنگی نێوان ئیسرائیل
و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵای قەدەغە کرد، بەڵام ئەم بڕیارە
نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەو گروپە چەکدارەی کە لەلایەن
ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران جەخت لەسەر گرتنەوەی لوبنان لە ڕێککەوتنی
ئاگربەستی ئەمدواییە دەکاتەوە. جێگەی ئاماژەیە ئەمریکا حیزبوڵا وەک گروپێکی
"تێرۆریستی" دەناسێنێت، بەڵام یەکێتی ئەوروپا تەنیا باڵە سەربازییەکەی ئەو
گروپەی خستووەتە لیستی تێرۆرەوە.
PM:06:30:09/04/2026
ئهم بابهته 104
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت