رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران: سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم ئاواتێکە و دەیبەنە گۆڕ


وێستگەنیوز-

محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، هەموو جۆرە سنووردارکردنێکی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی وڵاتەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند؛ "سنووردارکردنی بەرنامەی پیتاندنی ئۆرانیۆم تەنیا ئاواتێکە کە (دوژمنان) لەگەڵ خۆیان دەیبەنە گۆڕ."

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی، مەحەمەد ئیسلامی، ڕۆژی پێنجشەممە 9ی نیسانی 2026 لە پەراوێزی مەراسیمێکدا لە تاران جەختی کردەوە کە "هیچ یاسا و کەسێک" ناتوانێت ڕێگری لە بەردەوامیی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بکات.

ئەم لێدوانانەی ئیسلامی لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەی هەینی، دانوستانێک لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان بەڕێوەبچێت. ئەمریکا داوای هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات وەک مەرجێک بۆ ڕێکەوتنیئاگربەست، لە بەرامبەردا ئاژانسی "فارس" ڕایگەیاندووە یەکێک لە خاڵە ١٠ کەسییەکەی تاران بۆ ڕێککەوتن، "دانپێدانانی ئەمریکایە بە مافی پیتاندن بۆ ئێران و تەنیا گفتوگۆکردن لەسەر ئاستی پیتاندنەکە".

بێجگە لە پرسی ئەتۆمی، گشتاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی بۆ سەر لوبنانیش یەکێکی دیکەیە لە خاڵە ناکۆکەکانی بەردەم دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد. بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، هێشتا ڕوون نییە کە ئایا دانوستانەکان لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچن یاخود نا.

لەم چوارچێوەیەدا، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە بڕیارە وەک نوێنەری تاران بۆ دانوستانەکان بچێتە پاکستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "لوبنان و تەواوی بەرەی بەرگری وەک هاوپەیمانی ئێران، بەشێکی دانەبڕاون لە هەر ڕێککەوتنێکی ئاگربەست."

قالیباف ئاماژەی بە لێدوانەکانی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کرد سەبارەت بە گرتنەوەی ئاگربەست بۆ لوبنان و لایەنی بەرامبەری بە پاشگەزبوونەوە تۆمەتبار کرد. ناوبراو هۆشداریشی دا کە "پێشێلکردنی ئاگربەست باج و وەڵامی توندی دەبێت"، بەڵام بە ڕوونی ئاماژەی بەوە نەکرد کە ئایا ئەم ناکۆکییانە کاریگەرییان لەسەر بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی ڕۆژی هەینی دەبێت یان نا.


PM:04:22:09/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو