كوژرانی سەرکردەیەکی جیهادی پەردە لەسەر رۆڵی ئیخوان موسلمین له جەنگی سوودان لادەبات
وێستگەنیوز-
کوژرانی سەرکردەیەکی دیاری ئیخوانی موسلمینی سودان، لە شەڕێکدا لە ویلایەتی باشووری کۆردۆڤان، ئەو ڕۆڵە سهرهكییهی ئاشکرا کرد کە کەتیبە و میلیشیاکانی بزووتنەوەی ئیسلامیی سوودان، ئیخوان موسلیمین، لە سەرکردایەتی کردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و لهو جەنگەی لە ساڵی ٢٠٢٣وه هەڵگیرساوه، دەیگێڕن.
عارف عەبدوڵڵا، ناسراو بە "ئەبو تامر"، لەگەڵ ٢١ کەس لە سەرکردەکانی ڕیزی دووەم، لەوانەی پێیان دەوترێت "موجاهیدەکان"، رۆژی سێ شهممه، ٧ی نیسانی ٢٠٢٦ کوژرا. چاودێران كوژرانی ئهو ژماره زۆره، بە گەورەترین زیان وەسفی دەکەن کە لهم دواییانهدا، بەر کەتیبە ئیسلامییەکان کەوتبێت.
عارف یان ئهبو تامر، بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کەتیبەی " البراء بن مالیک"ی سەر بە بزووتنەوەی ئیسلامیی سوودان (ئیخوان) و فەرماندەی مەیدانیی ڕاستەقینەی هەموو ئەو کەتیبە و میلیشیایانە دادەنرێت کە پەیوەستن بە بزووتنەوەی ئیسلامییەوە و لە تەنیشت سوپای سوودانەوە شەڕ دەکەن.
ناوبراو لە شەڕێکدا لە ناوچەی "تەکمە" لە دەوروبەری شاری "دەلەنج" لە ویلایەتی باشووری کۆردۆڤان کوژرا و لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لهگهڵ گروپێک لە هێزەکانی پشتگیری خێرا، كوژراوه.
لهو كاتهدا ئهبو تامر، سەرکردایەتی جوڵەیەکی سەربازیی دەکرد بە ناوی "میسک ئەلخیتام" کە چەندین کەتیبەی ئیسلامی و جیهادی لهخۆگرتبوو، ئهم گروپانه بۆ یارمهتی و پاڵپشتی سوپای سودان، شهڕیان دژی هێزهكانی پشتگیری خێرا دهكرد.
لاپەڕە فەرمییەکانی سەر بە ڕاگەیاندنی جەنگیی سوپا، لەوانەش لاپەڕەی دەزگای هەواڵگریی سوودان، هەواڵی کوژرانی ناوبراویان بڵاوکردەوە و وەک "سەرکردەی موجاهید" و "شەهید" وەسفیان کرد، ئاماژەیان بەوەش کرد ئهبو تامر بهردهوام له نێوان بهره جیاوازهكانی شهڕدا، له جووڵه و هاتوچۆدا بوو.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە باشووری کۆردۆڤان بە "سکای نیوز عەرەبی" ڕاگەیاند ، کوژراوەکە "بە یەکێک لە دیارترین سەرکردە مەیدانییە ئیسلامییەکان دادەنرێت و دوای کوژرانی موهەند فەزڵ لە ئابی ٢٠٢٥، سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی کەتیبە ئیسلامییەکانی گرتە دەست و فەرماندەی ڕاستەقینەی هەموو ئەو هێزانە بوو کە لە هەرێمی کۆردۆڤان دەجەنگان".
ههروهها ئهو سەرچاوەیه دهڵێت: "ئەوەی لەسەر زەوی لە کۆردۆڤان، سەرکردایەتی شەڕەکان، دژی هێزەکانی پشتگیری خێرا دەکات، سوپا نییە، بەڵکو کەتیبە ئیسلامییەکانن، لە کاتێکدا ڕۆڵی سوپا تەنها بریتییه له پێشکەشکردنی پشتگیریی زانیاری و لۆجیستی".
چاودێران و چالاکوانان و گهواهیدهرانی ناو هێزە مەدەنی و سیاسییەکان، بە پشتبهستن به تۆماری ڤیدیۆیی ئەفسەرانی سوپای سوودان، پێیان وایە جەنگی ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣، ململانێیەکی سەربازیی تەقلیدی نەبوو، بەڵکو جەنگێک بووە بزووتنەوەی ئیسلامیی سوودان (ئیخوان) هەڵگیرسێنەری بوو، بۆ بەرهەمهێنانەوەی هەژموونی خۆی و گەڕانەوە بۆ دەسەڵات لە ڕێگەی چەکەوە.
PM:02:27:09/04/2026
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت