قالیباف: سێ خاڵی سەرەکیی ئاگربەستەکە پێشێل کراوە و بەردەوامیی ئاگربەست ژیرانە نیە
وێستگەنیوز-
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا
تەنانەت پێش دەستپێکردنی دانوستاندنەکان، سێ خاڵی سەرەکیی رێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل
کردووە، و پییوایە لەم بارودۆخەدا بەردەوامیی ئاگربەست یان ئەنجامدانی دانوستان ژیرانە
نیە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026 لە
راگەیێندراوێکدا کە لە هەژمارى خۆى لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاویکردەوە و
رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازە 10 خاڵییەکەی ئێرانی
وەک "بنەمایەکی کارپێکراو بۆ دانوستان" وەسف کردووە، بەڵام واشنتۆن پابەندی
بەڵێنەکانی نەبووە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی قالیباف، ئەو سێ خاڵەی کە ئەمریکا پێشێلی
کردوون بریتین لە:
پابەندنەبوون بە ئاگربەست لە لوبنان: لە کاتێکدا شەهباز شەریف،
سەرۆکوەزیرانی پاکستان وەک نێوەندگیر رایگەیاندبوو کە ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە،
بەڵام ئیسرائیل (بە پشتیوانیی ئەمریکا) بەردەوامە لە هێرشەکانی.
بەزاندنی ئاسمانی ئێران: قالیباف ئاشکرای کرد کە درۆنێکی سیخوڕی
چووەتە نێو ئاسمانی ئێران و لە شاری "لار" لە پارێزگای فارس تێکشکێندراوە،
ئەمەش پێشێلکردنی روونی مەرجی قەدەخەکردنی بەزاندنی ئاسمانە.
رەتکردنەوەی مافی پیتاندن: ئەمریکا مافی ئێرانی بۆ پیتاندنی
یۆرانیۆم رەتکردووەتەوە، کە خاڵی شەشەمی چوارچێوەی رێککەوتنەکە بووە.
PM:10:23:08/04/2026
ئهم بابهته 240
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت