هێگسێت: توانای دروستکردنی موشەک و بەرگریی ئاسمانیی ئێرانمان لەناوبردووە
وێستگەنیوز-
وەزیری جەنگی ئەمریکا جەختی کردەوە، وڵاتەکەی سەرجەم ئامانجەکانی
لە جەنگی ئێراندا پێکاوە و تەواوی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەشیان لەناوبردووە
و چیتر توانای دروستکردنی موشکیان نەماوە.
ئــەمڕۆ چوارشەممە، 08ـی نیسانی 2026، پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی
ئەمریکا کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەبارەی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان وڵاتەکەی و ئێران
ساز کردو وتی؛ "ئەمڕۆ رۆژێکی گەورە و مەزنە بۆ ئاشتیی جیهانی و پێموایە ئاگربەستەکە
بەردەوامی دەبێت".
ئاماژەی بەوەش دا، ئێران رووبەڕووی هێرشێکی سەربازیی وێرانکەر
بووەتەوە، بۆیە داوای ئاگربەستی لێکردوون.
روونیشی کردەوە، ئەوان هەموو ئامانجەکانیان پێکاوە بەپێی ئەو
پلانەی لە رۆژی یەکەمی جەنگەوە دایاننابوو. ئاماژەی بەوەش دا، ئێران هەموو توانایەکی
بەرگریی ئاسمانیی لەدەستداوە و لە ئێستادا ئەمریکا کۆنترۆڵی ئاسمانی ئەو وڵاتە دەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری جەنگی ئەمریکا، جەختی لەوە
کردەوە، لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا دژی ئێران کەمتر لە 10%ـی تواناکانی خۆیان بەکارهێناوە.
پیت هێگسێت، ئەوەشی خستە روو، تەواوی سەرکردەکانی باڵای ریزی
یەکەمی ئێرانیان لەناوبردووە. هەروەها ئاشکرای کرد، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا
فڕۆکەوانەکانیان لە ئێران رزگار کردووەتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، لە کاتژمێر
3:00ـەوە، ئاگربەستێکی دوولایەنەی 14 رۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها بڕیارە رۆژی هەینی بە نێوەندگیریی پاکستان، گفتوگۆی راستەوخۆی هەردوو وڵات
لە ئیسلام ئابادی پایتەخت دەستپێبکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
PM:04:39:08/04/2026
ئهم بابهته 60
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت