لەیەکەم رۆژی ئاگربەستدا بەدەیان موشەک و درۆن کوێت و ئیمارات کرانە ئامانج
وێستگەنیوز-
لە یەکەم رۆژی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران شەپۆلێکی
هێرشی موشەکیی و درۆنی لە لایەن ئێرانەوە کرایە سەر هەر دوو وڵاتی کوێت و ئیمارات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 08ـی نیسانی 2026، سعود عەبدولعەزیز عەتوان،
وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت، رایگەیاند، لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە سیستەمی
بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان رووبەڕووی شەپۆلێکی چڕی هێرشەکانی ئێران بووەتەوە،
بەڵام هێزە چەکدارەکانیان توانیویانە بەرپەرچی 28 درۆن بدەنەوە ئاراستەی وڵاتەکەیان
کرابوون.
ئەوەشی خستەڕوو، بەشێک لە درۆنەکان دامەزراوە نەوتییە گرنگەکان
و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایان لە باشووری کوەیت کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە
زیانی گەورەی ماددی بە ژێرخانی نەوت و وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوتنی ئاو گەیشتووە.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند،
سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان لە ئێستادا سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی موشەکی
و درۆنیی ئێرانە و ئەو دەنگانەی لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات دەبیسترێن، دەرەنجامی
رووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی موشەکە بالیستییەکان و درۆنەکانە لەلایەن سیستەمی بەرگریی
ئاسمانییەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، لە کاتژمێر
3:00ـەوە، ئاگربەستێکی دوولایەنەی 14 رۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها بڕیارە رۆژی هەینی بە نێوەندگیریی پاکستان، گفتوگۆی راستەوخۆی هەردوو وڵات
لە ئیسلام ئابادی پایتەخت دەستپێبکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
PM:04:18:08/04/2026
ئهم بابهته 340
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت