ترەمپ ئاگربەستی راگەیاند و بۆماوەی دوو هەفتە جەنگ رادەگیرێت و ئێرانیش مەرجەکانی رێککەوینی ئاشکراکرد


وێستگەنیوز-

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆڕمی "ترووس سۆشیال" رایگەیاند، "رازیبووم بە داواکەی سەرۆک وەزیرانی پاکستان بۆ درێژکردنەوەی ماوەکە بۆ ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە".


ئاماژەی بەوەکرد، "بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرش ناکەینە سەر ئێران، هەروەها دەبێت هاتووچۆی گەرووی هورمز ئاسایی بکرێتەوە".

وترەمپ وتی، "پێشنیارێکی 10 خاڵیم پێگەیشتووە لە ئێرانەوە، پێمان وایە بنەمایە بۆ دانوستانێک کە قابیلی جێبەجێکردن بێت"، وتیشی، "هەموو ئامانجێکی سەربازیمان لە ئێران پێکاوە".

جەختی لەوەشکردەوە، "مەرجی ئاگربەستەکەمان کردنەوەی تەواوەتی گەرووی هورمزە".

لەدوای ئەم پەیامەی ترەمپ و راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران دوای لە راگەیەندراوێکدا وردەکاریی رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەمریکا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پیرۆزبایی لە ئێرانییەکان دەکەین کە نزیکەی سەرجەم ئامانجەکانی جەنگ بەدیهاتوون و دوژمنمان تووشی شکست و بێچارەییەکی مێژوویی کردووە".

دەقی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بۆ ئاگاداری گەلی شەریف، مەزن و قارەمانی ئێران ڕادەگەیەنین:

دوژمن لە جەنگە نامەردانە، نایاسایی و تاوانکارییەکەی خۆیدا دژی گەلی ئێران، تووشی شکستی نکۆڵی لێنەکراو، مێژوویی و تێکشکێنەر بووە. بە بەرەکەتی خوێنی پاکی ڕێبەری شەهیدی شۆڕشی ئیسلامی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما ئیمام خامنەیی (سڵاوی خوای لێ بێت)، و بە تدبیر و ڕێنمایییەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، حەزرەتی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی (پارێزراو بێت) و بە تێکۆشان و ئازایەتی جەنگاوەرانی ئیسلام لە بەرەکانی جەنگدا، بەتایبەتی ئامادەبوونی مێژوویی و حەماسی ئێوەی گەلی ئازیز لە مەیداندا هەر لە ڕۆژە یەکەمەکانی دەستپێکی جەنگەوە، ئێران سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەستهێنا و ئەمریکای تاوانباری ناچار کرد کە گەڵاڵە (پڕۆژە)ی ١٠ خاڵی ئێران قبوڵ بکات.

لەو پڕۆژەیەدا، ئەمریکا بە شێوەیەکی بنەڕەتی پابەند بووە بە:

دەستدرێژی نەکردن.

بەردەوامبوونی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا.

قبوڵکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم.

لادانی هەموو گەمارۆ سەرەتایی و نۆرەییەکان (ثانویە).

کۆتاییهێنان بە هەموو بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنجومەنی حوکام.

دانی قەرەبووی زیانەکانی ئێران.

چوونەدەرەوەی هێزەشەڕکەرەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە

ڕاگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، لەوانە دژی بەرەنگاری (مقاوەمە)ی ئیسلامی قارەمانی لوبنان.

ئەم سەرکەوتنە لە هەموو خەڵکی ئێران پیرۆز دەکەین و جەخت دەکەینەوە کە تا کۆتاییهاتنی وردەکارییەکانی ئەم سەرکەوتنە، پێویستیمان بە خۆڕاگری و تدبیری بەرپرسان و پاراستنی یەکڕیزی گەلی ئێران هەیە.

ئێرانی ئیسلامی لەگەڵ تێکۆشەرانی دلێری بەرەنگاری لە لوبنان، عێراق، یەمەن و فەلەستینی داگیرکراو، لە ٤٠ ڕۆژی ڕابردوودا گورزی وایان لە دوژمن وەشاندووە کە یادەوەری مێژوویی جیهان هەرگیز لەیادی ناکات. ئێران و میحوەری بەرەنگاری وەک نوێنەری شەرافەت و مرۆڤایەتی لە بەرامبەر دڕندەترین دوژمنانی مرۆڤ، وانەیەکی لەبیرنەکراویان پێدان و هێز، کەرەستە، ژێرخان و هەموو سەرمایە سیاسی، ئابووری، تەکنەلۆژی و سەربازییەکانی ئەوانیان بەجۆرێک تێکشکاندووە کە دوژمن ئێستا تووشی داڕمان و بێدەسەڵاتی بووە و هیچ ڕێگەیەک جگە لە تەسلیمبوون لە بەرامبەر ئیرادەی گەلی مەزنی ئێران و میحوەری شەریفی بەرەنگاریدا نابینێت.

جەنگاوەرانی دلێری ئیسلام و هاوپەیمانە ئازاکانیان لە میحوەری بەرەنگاری، بڕیاریان دا بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە وانەیەکی مێژوویی بەم دوژمنانە بدەن و تۆڵەی هەموو تاوانەکانی ڕابردوویان لێ بکەنەوە و بارودۆخێک بخوڵقێنن کە دوژمن بۆ هەمیشە خەیاڵی دەستدرێژی بۆ سەر ئێرانی ئازیز لە سەر دەربکات.

بەم ستراتیژە، ئێران و بەرەنگاری یەکێک لە قورسترین نەبەردە تێکەڵاوەکانی (hybrid war) مێژوویان لەگەڵ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دەستپێکرد و گەیشتنە هەموو ئەو ئامانجانەی کە نەخشەیان بۆ کێشابوو. ماشێنی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا نزیکەی بەتەواوی تێکشکێندرا و گورزی کوشندە لە ژێرخانەکانی دوژمن لە ناو زەوییە داگیرکراوەکاندا درا. دوژمن تەنها ١٠ ڕۆژ دوای دەستپێکی جەنگەکە تێگەیشت کە توانای سەرکەوتنی نییە، هەر بۆیە لە ڕێگەی جیاوازەوە هەوڵی پەیوەندیکردن بە ئێران و داواکاری ئاگربەستی دا.


AM:09:17:08/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت