ئیسرائیل بۆ ئێرانییەکان: لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەمەندەفەر بەکارمەهێنن
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێ شەممە،7ی نیسانی 2026، سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی
ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی هاووڵاتییانی ئێران کرد و تێیدا داوای لێکردن تاکو کاتژمێر 9ی
شەو بە کاتی ئێران، لە بەکارهێنانی شەمەندەفەر یان نزیکبوونەوە لە وێستگه و هێڵەکانی
شهمهندهفهر دوور بکەونەوە.
سوپای ئیسرائیل لە هەژماری فەرمیی خۆی، بە زمانی فارسی لە تۆڕی
کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند: "لەپێناو سەلامەتیی خۆتان، تکایە لە
گەشتکردن بە شەمەندەفەر لە ناوخۆی ئێراندا دوور بکەونەوە".
هەروەها
ئاماژەی بەوەش کرد "بوونی مەدەنییەکان لە نزیک هێڵەکانی شهمهندهفهرهوه،
لەوانەیە ژیانیان بخاتە مەترسییەوە".
ئەم هۆشدارییە هاوکاتە لەگەڵ زنجیرەیەک تەقینەوەی بەرفراوان
کە بەیانیی ئەمڕۆ، چەندین شاری ئێرانی گرتەوە؛ لەوانە: شیراز، کەرەج، شەهریار و یەزد.
جگە لەمانە، ناوچەکانی سەر بە پارێزگای تاران، وەک ئیسلامشەهر،
پاردیس، حەسەنئاباد و ڕوودهێن، تووشی پچڕانی تەواوەتیی کارەبا بوون.
هەروەها تەقینەوە لە لەنگەرگەیەکی دەریایی سەر بە سوپای
پاسداران، لە بەندەری جاسک (سەر بە کەنداوی عومان لە پارێزگای هورمزگان)، گوهەردەشتی
کەرەج، شارەکانی قەزوین و جەهرەم لە پارێزگای فارس، و زنجیرە تەقینەوەیەکی یەک لە
دوای یەک، لە دەماوەندی سەر بە پارێزگای مازەندەران تۆمار کراون.
میدیاکانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر
تاران، بوونەتە هۆی وێرانبوونی تەواوەتیی کەنیسەیەکی جووەکان، ئەمە نیشانەیە بۆ
فراوانبوونی بازنەی ئامانجەکان لە ناو جەرگەی پایتەختدا.
دواتر سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ
سەر ئێران کۆتایی پێهێناوە و ئهو شهپۆله نوێیهی هێرشهكان "بە ئامانجی لێدانی
ژێرخانی ڕژێمی ئێران لە تاران و ناوچەکانی دیکە" ئەنجامدراون.
ئەم پەرەسەندنانە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئیسرائیل هەوڵ دەدات، جوڵەی
لۆجستیی ئێران لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی هۆکارەکانی گواستنەوە، بەتایبەت شەمەندەفەر،
پەک بخات؛ چونکە شەمەندەفەر گرنگییەکی زۆری هەیە لە گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی و
هێزەکان، لە نێوان پارێزگاکان و بەیەکەوەبەستنی ناوەندە زیندووه و چالاكهكان.
AM:11:51:07/04/2026
ئهم بابهته 356
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت