ئیسماعیل بەقایی: ئاگربەستی کاتی لەگەڵ ئەمریکا بە واتای بەردەوامدان بە تاوان دێت


وێستگەنیوز-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، تاران وەڵامی دیپلۆماسیی خۆی بۆ ئەمریکا داڕشتووە، ئاماژە بەوەشدەکات، ئاگربەستی کاتی لەگەڵ ئەمریکا بە واتای بەردەوامدان بە تاوان دێت.


ئەمڕۆ دووشەممە 6ی نیسانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "تاران وەڵامی دیپلۆماسیی خۆی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داڕشتووە و لە کاتی گونجاودا رایدەگەیەنێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "جیهان شایەتحاڵی ئەوەیە گوتارەکانی ئەمریکا لەگەڵ کردارەکانیدا یەکناگرنەوە".

بەقایی وتی، "داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و دووبارەنەبوونەوەی دەکەین، ئاگربەستی کاتی لەگەڵ ئەمریکا بە واتای بەردەوامدان بە تاوان دێت".

وتیشی، "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا بۆ دزینی یۆرانیۆم لە ئیسفەهان شکستی هێنا".

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە 6ی نیسانی 2026، ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ی ئەمریکی لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگاداری ئەمریکی، ئیسرائیلی و ناوچەیی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن چڕکراونەتەوە، هەرچەندە دەرفەتە 48 کاتژمێرییەکە کەم دەبینرێت، بەڵام ئەمە وەک دوایین هەوڵ سەیر دەکرێت بۆ رێگری لە هێرشی وێرانکەر بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی ئێران و وەڵامدانەوەی تاران بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی وڵاتانی کەنداو.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە پێشتر مۆڵەتێکی 10 رۆژیی دابووە ئێران، دوێنێ یەکشەممە مۆڵەتەکەی بۆ 20 کاتژمێری دیکە درێژکردەوە و لە "تڕوس سۆشیاڵ" رایگەیاند، "وادەی نوێ تاوەکو کاژێر 08:00ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە دەبێت".

ترەمپ بە ئەکسیۆسی رایگەیاندووە، "دانوستاندن لە ئارادایە و دەرفەتێکی باش هەیە، بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکەن، هەموو شتێک لەوێ دەتەقێنمەوە".

دانوستاندنەکان لە رێگەی نێوەندگیرانی پاکستان، میسر و تورکیاوە بەڕێوەدەچن، بەپێی زانیارییەکان، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێگەی نامەوە پەیامیان ئاڵوگۆڕ کردووە، رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە لە دوو قۆناغ پێکدێت:

قۆناغی یەکەم: راگەیاندنی ئاگربەستێکی 45 رۆژی بۆ دانوستاندن لەسەر کۆتاییهێنانی هەمیشەیی جەنگ.

قۆناغی دووەم: واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی بۆ وەستاندنی جەنگ.


PM:01:19:06/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت