قالیباف: ئەگەر ئەمریكا ژێرخانی ئێران بكاتە ئامانج ئاگر بەردەبێتە هەموو ناوچەكە
وێستگەنیوز-
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لە وەڵامی هەڕشەكانی ترەمپ سەبارەت
بە هێرشكردنە سەر ژێرخانەكانی ئێران رایگەیاند ئاگر لە "سەرتاسەری ناوچەكە"
بەردەدرێت.
محەمەد باقر قالیباف لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیویەتی
"جوڵە بێ بنەماكانی" دۆناڵد ترەمپ "ئەمریكا بۆ تاك بە تاكی خێزانە
ئەمریكییەكان دەكاتە دۆزەخ".
قالیباف هەروەها خوازیاری كۆتایی هێنان بەم "یاری مەترسیدارەی"
ئەمریكایە.
ئەمرۆ فۆکس
نیوز لەزاری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە دانوستانە نهێنییەکان
لەگەڵ تاران گەیشتوونەتە قۆناغێکی زۆر هەستیار و یەکلاکەرەوە. ترەمپ گەشبینی خۆی نیشاندا
کە "ئەگەرێکی باش هەیە سبەی رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ بکرێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنی ئێرانی لە سەرەتادا
هەوڵی دواخستنی کاتی دانوستانەکانیان داوە بۆ هەفتەیەکی دیکە، بەڵام ئەو بە توندی
پێداگری کردووە کە دەبێت هەر ئێستا یان سبەی بگەنە ئەنجام. ترەمپ وەک نیشانەیەک بۆ
جددیبوونی ئەمریکا لە پرۆسەی دیپلۆماسی، رایگەیاند کە "لێبووردنی کاتی"
بۆ دانوستانکارە ئێرانییەکان دەرکردووە تاوەکوو بتوانن بەبێ ترس لە هێرشەکان، بەردەوام
بن لە گفتوگۆکان.
ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند، ئەگەر
ئەم هەلەی ئێستا بۆ رێککەوتن لەدەست بدەن، ئەوا بژاردەی وێرانکاریی گشتگیر جێبەجێ
دەکات. ترەمپ وتی: "من بیر لە تەقاندنەوەی هەموو شتێک و دەستبەسەرداگرتنی نەوتەکە
دەکەمەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان، ئێرانییەکان
دەبینن چۆن پردە ستراتیژییەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا
دادەڕمێن.
PM:11:32:05/04/2026
ئهم بابهته 312
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت