ترەمپ: لە رێگەی کوردەکانەوە چەکمان بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران نارد و لەوە دەچێ ئەوان بۆخۆیان بردبێت
وێستگەنیوز-
سەرۆکی ویلایەتە
یەکگرتووەکان لە نوێترین لێدوانی لەسەر جەنگی ئێران بە میدیای
وڵاتەکەی وتووە، ئەمریکا لە رێگەی کوردەکانەوە چەکی بۆ خۆپێشاندەران ناردووە، بەڵام
"پێیوایە" کوردەکان چەکەکانیان بۆخۆیان بردووە.
سەرۆکی ویلایەتە یەگرتووەکان پێیوایە سبەینێ دووشەممە رێککەوتنی
کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ بکرێت. هەروەها هۆشدارییەکی توندی دا کە ئەگەر سبەی ڕێککەوتن
نەکرێت، تەواوی ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە وێران دەکەین.
فۆکس نیوز لەزاری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
ئاشکرای کرد کە دانوستانە نهێنییەکان لەگەڵ تاران گەیشتوونەتە قۆناغێکی زۆر هەستیار
و یەکلاکەرەوە. ترەمپ گەشبینی خۆی نیشاندا کە "ئەگەرێکی باش هەیە سبەی رێککەوتن
بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ بکرێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنی ئێرانی لە سەرەتادا
هەوڵی دواخستنی کاتی دانوستانەکانیان داوە بۆ هەفتەیەکی دیکە، بەڵام ئەو بە توندی
پێداگری کردووە کە دەبێت هەر ئێستا یان سبەی بگەنە ئەنجام. ترەمپ وەک نیشانەیەک بۆ
جددیبوونی ئەمریکا لە پرۆسەی دیپلۆماسی، رایگەیاند کە "لێبووردنی کاتی"
بۆ دانوستانکارە ئێرانییەکان دەرکردووە تاوەکوو بتوانن بەبێ ترس لە هێرشەکان، بەردەوام
بن لە گفتوگۆکان.
ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند، ئەگەر
ئەم هەلەی ئێستا بۆ رێککەوتن لەدەست بدەن، ئەوا بژاردەی وێرانکاریی گشتگیر جێبەجێ
دەکات. ترەمپ وتی: "من بیر لە تەقاندنەوەی هەموو شتێک و دەستبەسەرداگرتنی نەوتەکە
دەکەمەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان، ئێرانییەکان
دەبینن چۆن پردە ستراتیژییەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا
دادەڕمێن.
PM:05:42:05/04/2026
ئهم بابهته 492
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت