سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی هێرش بۆ سەر دامەزراوە پێترۆکیمیاییەکانی وڵاتانی ناوچەکە راگەیاند
وێستگەنیوز-
سوپای پاسدارانی ئێران، بە فەرمی بەرپرسیارێتی زنجیرەیەک هێرشی
موشەکی و درۆنی وێرانکەری بۆ سەر دامەزراوە پێترۆکیمیاییەکانی ئیمارات، کوێت و بەحرەین
گرتەئەستۆ و رایگەیاند ئەو هێرشانە وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل.
رۆژی یەکشەممە 5ی نیسانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی
بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی موشەکی و درۆنی بۆ سەر دامەزراوە
پێترۆکیمیاییەکان لە وڵاتانی ئیمارات، کوێت و بەحرەین راگەیاند. ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی
مەترسیدار لە مەودای جەنگەکە و راکێشانی وڵاتانی تری ناوچەکە بۆ ناو ململانێکان تەماشا
دەکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان
بە وردی چەندین کارگە و وێستگەی پیشەسازیی ستراتیژییان لەو سێ وڵاتەی کەنداو پێکاوە.
ئەم هێرشانە کە تێکڕای ژێرخانی وزە و ئابووریی هاوپەیمانانی ئەمریکایان لە ناوچەکەدا
کردووەتە ئامانج، بوونەتە هۆی دروستبوونی شۆک لە بازاڕەکانی وزەی جیهان و بەرزبوونەوەی
پێوانەیی نرخی سووتەمەنی.
هاوکات سوپای پاسداران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی واشنتن
کرد و دەڵێت؛ "ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان و ژێرخانی نیشتمانیی
ئێران دووبارە ببنەوە، ئەوا هێرشەکانمان بۆ سەر تەواوی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی
ئەمریکا لە ناوچەکەدا چڕتر و وێرانکەرتر دەکەین."
PM:05:18:05/04/2026
ئهم بابهته 284
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت