دەسەڵاتی دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی دوو کەسی جێبەجێ کرد
وێستگەنیوز-
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو کەس جێبەجێ کردووە کە "بەکرێگیراوی دوژمن" ناوی بردن.
ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا" بڵاویکردەوە، ئەو دوو کەسەی لەسێدارە دراون ناویان 'محەمەد ئەمین بێگلەری' کوڕی مستەفا، و شاهین واحیدپەرەست' کوڕی غوڵامڕەزا بووە وەک لە راگەیەندراوەکەی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئاماژەی پێدراوە، ئەم دوو کەسە لە شەوی 18ی کانوونی دووەمدا، بەشدارییان لە تێکدان و ئاگرتێبەردانی بنکەیەکی سەربازیی نهێنیدا کردووە و هەوڵیان داوە دەستیان بە چەکخانەی بنکەکە بگات.
ئاماژە بەوەکراوە، "لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا لەکاتی خۆپیشاندانەکان ژمارەیەک توخم و لایەنی سەر بە دوژمن هەوڵیان داوە بچنە ناو بنکە سەربازییەکان، بنکەکانی پۆلیس و ناوەندەکانی بەسیج، بە مەبەستی دزینی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ ئەنجامدانی کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵک"، بەڵام هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبووە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "شاهین واحیدپەرەست کە یەکێکە لەوکەسانەی لەسێدارەدراوە بە جۆرێک مامەڵەی کردووە کە دەریخستووە ئاگاداری لایەنە ئەمنییەکان بووە و بە بەرنامە بۆ تێکدان و ئاگرتێبەردانی شوێنە قەدەغەکراوە سەربازییەکە کاری کردووە".
سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو کەسە دوای ئەوە دێت کە دۆسیەکانیان لەلایەن دادگاوە وردبینی لێکراوە و لەلایەن دادگای باڵای وڵاتەوە حوکمە کۆتاییەکەیان پەسەند کراوە.
AM:09:09:05/04/2026
ئهم بابهته 1260
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت