ئەکسیۆس: ئێران ئاگربەستی کاتی رەتکردووەتەوە
وێستگەنیوز-
پێگەی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کرد کە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە بنبەست، تاران پێشنیازی ئاگربەستی کاتی رەت کردووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 4ی نیسانی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی زانیارییەکان، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رێبەرایەتیی لایەنی ئەمریکی دەکات لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکاندا، لە بەرامبەردا محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وەک نوێنەری تاران دەردەکەوێت، ئەم گفتوگۆیانە بە نێوەندگیریی راستەوخۆی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، میسر و پاکستان بەڕێوەدەچن.
سەرچاوە ئاگادارەکان لە ناوەڕۆکی گفتوگۆکان بۆ ئەکسیۆس-یان ئاشکرایان کردووە، نێوەندگیرەکان تاوەکو ئێستا شکستیان هێناوە لەوەی هەردوو لایەنی جەنگەکە لەسەر یەک مێز کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ بکەن، هۆکاری سەرەکیی ئەم بنبەستە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێران بە هەموو شێوەیەک پێشنیازی ئاگربەستی کاتی رەت کردووەتەوە و داوای گەرەنتی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئەوەی جەنگ بە یەکجاری کۆتایی بێت، ئەوکات ئامادەیە گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا بکاتەوە.
ئەو پێگە ئەمریکییە باسی لەوەش کردووە، ئێستا نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان خەریکی داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بۆ دروستکردنی متمانە لە نێوان ئەو دوو لایەنە کە وەک تاکە دەرچە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی راستەوخۆ دەزانن، بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە کە کات لە بەرژەوەندیی دیپلۆماسییەتدا نییە، چونکە تەنیا دوو رۆژ بۆ تێپەڕبوونی مۆڵەتەکەی ترەمپ ماوە و هێشتا هیچ ئاماژەیەکی روون لە تارانەوە نییە بۆ پاشەکشەکردن لە مەرجەکانی.
ئاماژەشی داوە، ئەگەر تاوەکوو رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەم گرێکوێرەیە نەکرێتەوە، ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی نوێ و وێرانکەری جەنگ هەنگاو دەنێت.
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی "ترووس سۆشیال" نووسیویەتی، "لەبیرتانە کاتێک 10 رۆژم بە ئێران دا بۆ ئەوەی گرێبەستێک بکات یان گەرووی هورمز بکاتەوە، کات تەواو دەبێت تەنها 48 کاتژمێر ماوە بۆ کردنەوەی دەرگای دۆزەخ بەسەر ئێراندا".
PM:09:57:04/04/2026
ئهم بابهته 352
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت