ئیسرائیل چەندین هێرشی نوێی بۆ سەر ئێران ئەنجام دا


وێستگەنیوز-

شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 4ی نیسانی 2026دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە و بەهێز لە تارانی پایتەختی ئێران بیسترا، هاوکات چەندین ناوچەی ئیسفەهان بۆردومان کران.

ئاژانسی "فارس" و میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان چالاک کراوە. هێرشەکان چەند ناوچەیەکی ستراتیژی و نیشتەجێبوونیان گرتووەتەوە، لەوانە: (کلكتچال، نیاوەران، فەرمانیە، ئیختیاریە، پاسداران، وەلەنجەک، زەعفەرانیە، جەنەت ئاباد، مەرزداران، پونەک، سەعادەت ئاباد، نارمەک).

هاوکات بەرەبەیانی ئەمڕۆ زنجیرەیەک تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە چەندین ناوچەی جیاوازی شاری ئەسفەهانی ئێران بیستران، کە بووە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتووانی شارەکە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دەنگی تەقینەوەکان زیاتر لە ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی ئیسفەهان بووە. هاووڵاتیان باس لەوە دەکەن کە لە نێوان 5 بۆ 10 تەقینەوەی بەهێزیان بیستووە، بە جۆرێک لە هەندێک گەڕەک وەک "بەهارستان" و "سۆفە" خانووەکان بەهۆی دەنگی بەهێزی تەقینەوەکان لەریونەتەوە.

لە شاری ئیسفەهان دەنگی تەقینەوەکان لە نزیک بنکەی ئاسمانیی "هەوانیرۆز"، فڕۆکەخانەی سەربازیی "بەدر" و سەربازگەی "15ی خرداد" بیستراون. هاوکات، هەندێک لە دانیشتووانی ناوچەی "سپاهانشار" و "جۆلفا" دەڵێن رووناکی تەقینەوە لە لای چیاکانی باشووری شارەکە و سەربازگەکان بینراوە.

جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، لە 28ـی شوباتەوە دەستی پێکردووە، پێی ناوەتە هەفتەی شەشەمی خۆی. توندبوونەوەی شەڕەکە تەنیا ئێرانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو وڵاتانی کەنداو و لوبنانیشی تێوەگلاوە. لە نوێترین پێشهاتیشدا، دوێنێ هەینی راگەیەندرا؛ فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکی لە جۆری F-15E لە ئاسمانی ئێران خراوەتە خوارەوە، ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی نوێ لە رووبەڕووبوونەوە راستەوخۆکاندا دەبینرێت.


AM:08:47:04/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت