وەزیری ڕۆشنبیریی تاڵیبان: نابێت شاعیرهكان دەربارەی هەموو بابەتێک بنووسن
وێستگهنیوز -
شێر ئەحمەد حەقانی، وەزیری ڕۆشنبیری لە حکومەتی تاڵیبان، لە کاتی بەشداریکردنی لە چالاکیی "كۆڕی شیعری گوڵ ئەرخەوان" لە ویلایەتی پەروان، چەند پەیامێکی هۆشداریی ئاراستەی شاعیران کرد و جەختی لهوه کردەوە "نابێت شاعیرهكان لە ناو هۆنراوەکانیاندا، باس لە هەموو جۆرە بابەتێک بکەن".
به گوێرهی بەیاننامەیەکی تاڵیبان، جێگری وەزیر ڕوونکردنەوەی زیاتری دەربارەی ئەم ڕێنماییانە داوە و ئاماژەی بەوە کردووە دەبێت شاعیرهكان، ڕەنگدانەوەی چالاکییەکانی حکومەتی تاڵیبان بن و هۆنراوە دەربارەی چهكدارانی بزووتنەوەکە و ئۆپەراسیۆنە خۆکوژییەکان بنووسن.
لهم بارهیهوه، عەتیقوڵڵا عەزیزی، بەرپرس لە وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕایگەیاند: "پێویستە شاعیرهكان، گوزارشت له دەستکەوتەکانی ئەم ڕژێمە و شههیده گیانبهخشهكان بكهن و لە قاڵبێکی شیعریدا دهریببڕن".
حەقانی جەختی لەوەش کردەوە دەبێت شاعیرهكان، پابەندی ئەو بەهایانە بن کە تاڵیبان دەیانخاتە ڕوو، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پابهندبوون به ئاڕاستە ڕۆشنبیری و میدیاییەکانی بزووتنەوەکە.
فیستیڤاڵی "گوڵی ئەرخەوان" چالاكییهكی رۆشنبیری ساڵانهیه، ماوهی زیاد له دهیهیهكه، له وەرزی گەشەکردنی گوڵە ئەرخەوانەکان، لە ناوچەی ئەرخەندهی ویلایەتی پەروان ئەنجام دەدرێت.
وەزارەتی ڕۆشنبیریی تاڵیبان ناوی فیستیڤاڵەکەی گۆڕیوە بۆ "كۆری شیعری گوڵ ئەرخەوان" و ئاماژەی بەوە کردووە ئهم ساڵ خولی چواردهههمینی ئهو كۆره شیعرییه رێكخراوه.
لهم بارهیهوه، وەزارەتی رۆشنبیری تالیبان، وێنەیەکی کەمی چالاکییەکەی بڵاوکردووەتەوە، ئهو وێنانهی بڵاوكراونهتهوه، تهنها وێنهی سەکۆی شیعرخوێندنهوهكه بووه. ئهمه وەک پابەندبوون بە بڕیاری بزووتنەوەکە، بڕیاری قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی وێنەی زیندەوەران، لە چوارچێوەی ئەوەی بە یاسای "فەرمان بە چاکە" ناسراوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، ڕابەری تاڵیبان، لە ئەیلوولی ٢٠٢٥دا، یاسایەکی بۆ ڕێکخستنی کۆڕە شیعرییەکان پەسەند کرد، تێیدا هۆنینەوەی شیعری دڵداری و غەزەل یان پیاهەڵدان بە خۆشەویستدا قەدەغە دەکات.
هەروەها ڕێگری دەکات لە ڕەخنەگرتن لە فەرمان و ڕێنمایی و بڕیارەکانی سەرکردایەتیی تاڵیبان؛ ئەرکی جێبەجێکردنی یاساكهش سپێردراوه به وەزارەتی ڕۆشنبیری.
PM:07:15:03/04/2026
ئهم بابهته 184
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت