جەواد زەریف داوای ئاشتییەکی هەمەلایەنە لەگەڵ ئەمریکا دەکات


وێستگەنیوز-

ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 3ی نیسانی 2026، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران، داوای واژۆکردنی "ڕێکەوتننامەیەکی ئاشتیی هەمەلایەنە"ی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد.


زەریف لە وتارێکدا کە ئه‌مڕۆ هەینی لە گۆڤاری "فۆرین ئەفێرز"دا بڵاوکراوه‌ته‌وە، جەختی لەوە کردەوەته‌وه‌ بۆ دەستەبەرکردن و هێنانه‌ئارای ئاشتییەکی گشتگپر، پێویستە ململانێ بنەڕەتییەکە چارەسەر بکرێت، نەک تەنها گەیشتن بە ئاگربەستێکی لەرزۆک.

زه‌ریف له‌ وتاره‌كه‌یدا نووسیویەتی دەبێت هەردوو دەوڵەت "ئەم کارەساتە وەک دەرفەتێک بۆ کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکی 47 ساڵە بەکاربهێنن".

جه‌واد زەریف، لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2021 وەزیری دەرەوە بووە، لە درێژەی وتارەکەیدا دەڵێت: "بەردەوامیی ئەم دوژمنایەتییە درێژخایەنە، دەبێتە هۆی لەدەستدانی زیاتری گیانی مرۆڤەکان و سەرفکردنی سامانێکی قەرەبوونەکراوە، بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لەم بنبەستەی ئێستادا دروست ببێت".

ئاماژەی بەوەش کردووە جەنگەکە ئەوەی سەلماند، ناتوانرێت بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکەی ئێران، بە ڕێگەی سەربازی ڕابگیرێت.

ئەو پێیوایە دەبێت تاران، وەک چۆن لە ڕابردوودا کردوویەتی، بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات و گەرووی هورمز بکاتەوە؛ لە بەرامبەریشدا دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سزا نێودەوڵەتییەکان هەڵبگرێت.
زەریف باس له‌وه‌ ده‌كات هاوکاریی ئابووری، لە نێوان هەردوو وڵاتدا، گونجاوە و سوودی بۆ هەردوولا دەبێت.

لە کۆتایی وتارەکەیدا دەڵێت: "ئەم جەنگە، سەرەڕای ناشیرینییەکەی، دەرگایەکی بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی کردووەتەوە. ڕەنگە ئێرانییەکان تووڕە بن، بەڵام دەتوانن هەنگاو بەرەو پێشه‌وه‌ بنێن و ده‌زانن ئه‌وان به‌و په‌ڕی سەربەرزییەوە، لە بەرامبەر دەستدرێژییەکی سەربازیی گەورە و نایاسایی دوو هێزی ئەتۆمیدا وەستاونەتەوە".

ئاشكرایه‌ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە 28ی شوباتی ڕابردوودا، هێرشیان کردە سەر ئێران، لەو کاتەوە دەیان سەرکردەی سەربازی و ناوداری سیاسیی ئێران کوژراون، لە نێویاندا عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای پێشووی ئێران.

ئێران لای خۆیه‌وه‌، بە وەشاندنی گورزی موشەکی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو وەڵامی دایەوە، هەروەها سوپای ئێران هاتوچۆی کەشتییەکانی لە گەرووی هورمز، لە ڕێگەی هێرش و هەڕەشەوە پەکخستووه‌، ئەمەش بووه‌ته‌ هۆی بەرزبوونەوەی زۆری نرخی نەوت. تا ئێستاش هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کۆتاییهاتنی خێرای ئەم جەنگە بەدی ناکرێت.


PM:03:17:03/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت