ڕووسیا بۆ گواستنەوەی کارمەندانی لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران داوای ئاگربەستێکی کاتی دەکات


وێستگەنیوز-

ڕووسیا هەوڵ دەدات لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بگاتە ڕێکەوتنێک بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی گواستنەوەی کارمەندانی، لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران، ئەمەش به‌هۆی زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر وێستگەکە لە ماوەی ڕابردوودا.


ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 3ی نیسانی 2026، میدیاكانی ڕووسیا بڵاویانكرده‌وه،‌ مۆسکۆ بە نیازە پەیوەندی بە واشنتن و تەلئەبیبەوە بکات، بۆ زامنکردنی ئاگربەست، لە کاتی پرۆسەکانی گواستنەوەدا، کە لە لایەن کۆمپانیای حکومی "ڕۆس ئاتۆم"ـەوە، جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە زیاتر لە 200 کارمەند لە ڕێگەی دەریاوە، لە ڕۆژانی داهاتوودا وێستگەکە چۆڵ بکەن، لە بەرامبەردا نزیکەی 50 کارمەند وەک "خۆبەخش" لە شوێنەکەدا دەمێننەوە.

ئەلێکسی لیخاتشێڤ، سەرۆکی کۆمپانیاکە، جەختی له‌وه‌ کردەوە وڵاتەکەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە ڕێڕەوەکانی گواستنەوەکە ئاگادار دەکاتەوە و هەموو کەناڵەکانی پەیوەندی بەکاردەهێنێت، بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بە ئاگربەست لە تەواوی پرۆسەکەدا.

ئەم هەنگاوە، دوای دووبارەبوونەوەی بەئامانجگرتنی وێستگەی بوشەهر دێت، کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند لەم دواییانەدا، هێرشێکی نوێی کراوەتە سەر، بەبێ ئەوەی زیان بە کورە ئەتۆمییەکە بگات یان دزەکردنی تیشکاوەری ڕوو بدات.

بەڵام ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە، هۆشدارییدا له‌وه‌ی هەر زیانێک، لەوانەیە ببێتە هۆی ڕووداوێکی تیشکاوەریی بەرفراوان کە سنوورەکانی ئێران تێپەڕێنێت.

لای خۆیەوە، تاران هێرشکردنە سەر وێستگەکەی بە "پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان" دانا، باڵیۆزی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، جەختی له‌وه‌ کردەوە بەئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەکان، بەتایبەت دامه‌زراوه‌ ئەتۆمییه‌كان، بە "تاوانی جەنگ" هەژمار دەکرێت، بەهۆی ئەو مەترسییە ژینگەیی و مرۆییە گەورانەی کە دەیانخوڵقێنێت.

لە لایەکی ترەوە، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لێدوانه‌كانی تووندتر كردووه‌ و هەڕەشەی وەشاندنی گورز لە "ئامانجە هەستیارەکانی ناو ئێران" کرد، لەوانە پردەکان و وێستگەکانی کارەبا، هەرچەندە جەختی له‌وه‌ کردەوە وڵاتەکەی زۆربەی ئامانجە سەربازییەکانی پێکاوە.

هاوکات مۆسکۆ ئامادەیی خۆی نیشاندا، بۆ بینینی ڕۆڵ لە هێورکردنەوەی ململانێکان؛ کرێملن بەردەوامیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە، پشتڕاست کردەوە و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا، داوای چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارگرژییەکان.

وێستگەی بوشەهر، دەکەوێتە باشووری ئێران لەسەر کەنداو، یەکەم دامەزراوەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەیە و خاوەن گرنگییەکی ستراتیژیی گەورەیە، ئەمەش وای کردووە بەئامانجگرتنی، ببێتە سەرچاوەی نیگەرانییەکی گه‌وره‌ی نێودەوڵەتیی كه‌ تابێت له‌ زیادبووندایه‌.


AM:11:02:03/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت