سوپای پاسداران: هێرشێکمان کردە سەر ناوەندێکی کۆمپانیای ئەمازۆن لە بەحرێن


وێستگەنیوز-

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی قۆناخی سێیەمی "شەپۆلی 90ـی ئۆپەراسیۆنەکانیانچەندین پێگەی سەربازی و تەکنەلۆژیی ئەمریکا و ئیسرائیلیان لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج، لە نێویاندا ناوەندێکی گەورەی کۆمپانیای ئەمازۆن لە بەحرێن.

رۆژی پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، سوپای پاسداران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوژمنی ئەمریکی - سەهیۆنی کە لە بەرەکانی جەنگدا شکستی هێناوە و کەشتییە جەنگییەکانی ناوێرن لە هەزار کیلۆمەتریی گەرووی هورمز نزیک ببنەوە، پەنایان بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسان و خێزانەکانیان بردووە."

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە حەوت بنکەی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کراونەتە ئامانج بۆ یەکەمجار هێرشیان کردووەتە سەر کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان کە بە "سیخوڕ و هاوکار لە تیرۆرەکاندا" ناویان دەبات و دەڵێت، ناوەندی کۆمپیوتەریی (Cloud)ـی کۆمپانیای ئەمازۆن لە بەحرێن کردووەتە ئامانج .

هەروەها هاتووە: "ئەمە یەکەم هۆشداریی کردەیی بوو بۆ دوژمن. ئەگەر تیرۆر بەردەوام بێت، ئەو کۆمپانیا تەکنەلۆژی و زیرەکییە دەستکردانەی دیکەش کە پێشتر ناومان بردوون، زۆر بە تووندتر سزا دەدرێن و بەرپرسیارێتی لەنێوچوونی تەواوەتییان لە ناوچەکەدا لە ئەستۆی سەرۆکی ئەمریکایە."


PM:10:11:02/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت