فەرماندەی سوپای ئێران داوا لە هێزەکانی دەکات ئامادەبن بۆ سیناریۆی هێرشی زەمینی
وێستگەنیوز-
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2ی نیسانی 2026، ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی سوپای ئێران، جەختی له‌وه کردەوە هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی دژی ئێران، بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە ڕووبەڕوو دەبێتەوە و رایگه‌یاند لە حاڵەتی ئەنجامدانی هێرشێکی لەو شێوەیەدا، "هیچ شتێكی هێزەکانی دوژمن ڕزگاری نابێت".
ئه‌و لێدوانه، لە چوارچێوەی ئه‌و ڕێنماییانه‌دا هات کە حاتەمی، ئاراستەی فەرماندە مەیدانییەکانی کردووه و تێیدا داوای کردووە "به‌و په‌ڕی وریاییه‌وه و زۆر به وردیی" چاودێری جووڵەی نەیارەکان بكه‌ن و به‌رده‌وام ئاگاداری جموجووڵه‌كانیان بن.
هەروەها جەختی له‌وه کردووه‌ته‌وه "پێویستی ئامادەکردن و جێبەجێکردنی پلانی گونجاو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیناریۆ جیاوازەکانی هێرش، لە کاتی گونجاو‌دا، بە شێوەیەک تێکشکاندنی ئه‌گه‌ری هەر هەڕەشەیەک مسۆگەر بکات".
حاته‌می له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات ئامانجه‌كه، "دوورخستنەوەی سێبەری جەنگە لە وڵات و دەستەبەرکردنی ئاسایشی تەواوه بۆ هەموو هاووڵاتییان و ناکرێت هەبوونی ناوچەی ئارام، لەسەر حیسابی ئاسایشی گەلی ئێران قبووڵ بکرێت".
له‌م باره‌یه‌وه، میدیاکان، دیمەنێکی بێدەنگیان بڵاوکردەوە، له دیمه‌نه‌كه‌دا حاتەمی لە ژوورێکدا، لەگەڵ سێ فەرماندەی سەربازی دیکە و لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا، لەگەڵ نزیکەی دوانزە کەسی دیکە ده‌رده‌كه‌وێت، تا ئێستا ئاژانسی ڕۆیتەرز، نەیتوانیوە ڕاستی به‌رواری وێنەگرتنی ئەو دیمەنانە پشتڕاست بکاتەوە.
لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند ململانێ لەگەڵ ئێران "لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە" و دەکرێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کۆتایی بێت.
بەڵام تابێت کۆکردنەوەی هێزی زیاتر، له پاڵ ئه‌و هێزە ئەمریکییە زۆره‌ی له كه‌نداودا هه‌یه، مەترسیی ئەوەی دروست کردووە ڕەنگە ئامادەکارییەکان، بۆ ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بێت.
PM:02:13:02/04/2026
ئه‌م بابه‌ته 340
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت