ئه‌حمه‌د شەرع: نزیک بووین لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل


وێستگەنیوز-

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی ئینتیقالی سووریا، لە میانی بەشداریکردنی لە چالاکییەکی پەیمانگای "چاتام هاوس" لە لەندەن، سوپرایزێکی دیپلۆماسیی تەقاندەوە و ڕایگەیاند حکومەتەکەی گەیشتبووە "قۆناغێکی پێشکەوتوو" لە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام هەڵوێستی تەلئەبیب لە "کۆتا ساتدا" گۆڕا.

بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی "یۆرۆنیوز" گواستوویەتییەوە، شەرع جەختی له‌وه‌ کردووە دیمەشق، بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، بە جدیی هەوڵیداوە کەناڵی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بکاتەوە و ده‌ڵێت: "گەیشتینە ئەنجامی باش، بەڵام ئیسرائیل پاشەکشەی کرد"، بێ ئەوەی بچێتە ناو وردەکاریی هۆکارەکانەوە.

لە لایەکی ترەوە، ڕاپۆرتەکەی یۆرۆنیوز، ئاشکرای کردووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، داواکارییەکی یاریدەدەرانی بنیامین ناتانیاهۆیان ڕەتکردووەتەوە، بۆ هێشتنەوەی بەشێک لە سزاکان، له‌سەر سووریا، وەک "کارتی فشار"؛ واشنتن بژاردەی کرانەوەی بەڕووی دیمەشقدا پەسەند کردووە، سەرەڕای هەندێک بەڵێن بۆ قەرەبووکردنەوە، هه‌رچه‌نده‌ سروشتی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كان ڕانەگەیەندراوە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران، شەرع ڕەخنەی توندی لە ڕۆڵی ئێران گرت و دووپاتی کردەوە دەستوەردانەکانی ئێران، فاکتەرێکی سەرەکی بوون بۆ بەهێزکردنی ڕژێمەکەی ئەسەد، لە سەرکوتکردنی سوورییەکاندا.

هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە کرد كێشەی دیمەشق لەگەڵ دەستوەردانی ڕاستەوخۆی تارانە لە کاروباری ناوخۆدا، نەک لەگەڵ قەوارەی ئێران وەک دەوڵەت.

لە ڕووی مەیدانییەوە، شەرع "هێڵێکی سوور"ی بۆ سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کێشا و ڕایگەیاند سووریا لە دەرەوەی هەر ململانێیەکی ناوچەیی دەمێنێتەوە "مەگەر ڕووبەڕووی هێرشی ڕاستەوخۆ بێتەوە"؛ هەروەها بە توندی ڕەتی کردەوە خاکی سووریا بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان.

سەرۆکی حکومەتی ئینتیقالی، دۆخی ئێستای ناوچەکەی بە "پشێوی و ناجێگیر" وەسف کرد و هۆكاره‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ نەبوونی عەقڵیه‌تێكی حەکیم.

ئاماژەی بەوەش کرد کێشەکانی ئێران پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکەی، دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆز كردووه‌، هەر ئەمەش وای کردووە دیمەشق، سیاسەتی "دانبه‌خۆداگرتن" و پەنابردن بۆ چارەسەری دیپلۆماسی بگرێتە بەر، لە پێناو مسۆگەرکردنی سەقامگیریی ئابووری و بوژانەوەی نیشتمانی.


PM:11:47:01/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت