ئیسماعیل بەقایی: ئەمریکا لە دیپلۆماسیدا جددی نییە و هەر کاتێک باس لە گفتوگۆ دەکەن مەبەستێکی فێڵبازانەیان لە پشتە
وێستگەنیوز-
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، ئەمریکا لە دیپلۆماسیدا جددی نییە، ئاماژە بەوەشدەکات، پەیامی دانوستانیان لە رێگەی ناوبژیوانانەوە پێ گەیشتووە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "لە رێگەی ناوبژیوانانەوە، لەوانەش پاکستان، پەیامی ئەمریکامان بۆ دانوستان پێگەیشتووە، بەڵام ئەزموونی ساڵی رابردوو دەریخستووە کە واشنتۆن لە دیپلۆماسیدا جددی نییە و هەر کاتێک باس لە گفتوگۆ دەکەن، مەبەستێکی فێڵبازانەیان لە پشتە".
ئاماژەی بەوەکرد، "هەمووان دەزانن چەکی ئەتۆمیمان نییە و بەرنامەکەمان ئاشتییانەیە، ئەم جەنگەی ئێستا بەسەر ئێران و ناوچەکەدا سەپێنراوە و پاشهاتەکانی لە دەرەوەی ناوچەکەش دەبینرێن".
بەقایی وتی، "تاران لە دۆخی بەرگریدا دەمێنێتەوە و هێزە چەکدارەکانیان بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەن و دوژمنان لە کردەوەکانیان پەشیمان دەکەنەوە".
وتیشی، "گرژییەکانی ناوچەکە ئەنجامی راستەوخۆی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلن، کاریگەرییان کردووەتە سەر ئاسایشی کەنداو، دەریای عومان و گەرووی هورمز، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئابووری جیهانی".
PM:12:07:01/04/2026
ئهم بابهته 216
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت