له‌ لوبنان ڤیدیۆی ڕۆژنامەنووسێک کە داوای کوشتنی خوێندكارانی زانكۆی ئه‌مریكی دەکات توڕەیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌


وێستگەنیوز-

لێدوانەکانی ڕۆژنامەنووسێکی لوبنانی لایەنگری حیزبوڵا، شەپۆلێکی توڕەیی لە نێوان زۆرێک لە لوبنانییەکان، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کردووه‌.


ڕۆژنامەنووس "فادی ئەبو دیە" کە لایەنگری حیزبوڵایە و بەرگری لە تاران دەکات، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، هانی ئه‌وه‌ ده‌دات قوتابیان و خوێندكارانی قوتابخانه‌ و زانكۆ ئه‌مریكییه‌كان، به‌ ئامانج بگیرێن و بكوژرێن، بەو شێوەیەی کە لە ئێران ڕوودەدات.

کاتێک پێشکەشکاری بەرنامەکە، ناڕەزایەتی بەرامبەر بەم قسانە دەربڕێ و ئاماژە به‌وه‌ ده‌كات ئەوانەی داوای کوشتنیان ده‌كه‌یت لوبنانین، لە وەڵامدا ده‌ڵێ: "ئەوانەشی لە زانکۆکان دەکوژرێن ئێرانیین".

لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا، ڤیدیۆکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی ڕەخنەی توند، ئەمەش وای لە دەسەڵاتدارانی لوبنان کرد بێنە دەنگ.

له‌م باره‌یه‌وه‌، عادل نه‌سار وەزیری داد ڕایگەیاند "داوای لە داواکاری گشتی کردووە، سەبارەت بە لێدوان و نووسینەکانی فادی ئەبو دیە، ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر".

ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ سێ شەممە، 31ی ئازاری 2026، جۆزێف عۆن سەرۆکی لوبنان، جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ دابینکردنی ئاسایشی زانکۆی ئەمریکی لە بەیرووت.

سەرۆکی لوبنان لە کاتی پێشوازیکردنی لە سەرۆکی زانکۆکە دکتۆر فەزڵۆ خۆری، ڕایگەیاند: "دەوڵەت پەرۆشی پاراستنی ئاسایشی دامەزراوە پەروەردەییەکانە، بەتایبەتی زانکۆی ئەمریکی".

هەروەها جەختیشی کردەوە "ئەو ڕێکارە ئەمنییانەی لە پایتەخت پەیڕەو دەکرێن، ناوەندە پەروەردەییە لوبنانی و بیانییەکانیش دەگرێتەوە".


PM:10:12:31/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت