ئێران لیستی ئامانجەکانی موشەکبارانی داهاتووی بڵاوکردەوە


وێستگەنیوز-

سوپای پاسداران لیستی ئەو ئامانجانەی وڵاتانی ناوچەکەی بڵاوکردەوە کە لەمەبەدوا بە موشەک و درۆن دەیانکاتە ئامانج.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 29ی ئازاری 2026، میدیاکانی ئێران لیستێکیان بڵاوکردەوە، ناوی چەندین دامەزراوەی پیشەسازی لە ئیسرائیل و پێنج وڵاتی کەنداو لەخۆدەگرێت و ڕایانگەیاند تاران هێرشیان دەکاتە سەر.

له‌م باره‌یه‌وه‌، ئاژانسی "تەسنیم"ی نیمچە فەرمی، ئاماژەی بەوە کردووە ئێران، پەیامێکی هۆشداریی بڵاوکردووەتەوە، سەبارەت بەئامانجگرتنی ژمارەیەک دامەزراوەی پیشەسازی لە وڵاتانی ناوچەکە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ فراوانبوونی بازنەی ململانێکان و ئەگەری لێدانی ژێرخانە ئابوورییەکانی ناوچەکە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی "ئه‌نادۆڵ"، ئەو وێنانەی هاوپێچی پەیامە هۆشدارییەکەی ئێران کراون، چەندین زانیاری وردیان لەسەر گەورە کۆمپانیاکانی ناوچەکە لەخۆگرتووە.

لەوانە "کۆمپانیای ئاسن و پۆڵای (حەدید) لە شانشینی سعوودیە، کۆمپانیای "ئیمارات ستیل ئارکان" کە گەورەترین بەرهەمهێنەری پۆڵا و کەرەستەی بیناسازییە لە دەوڵەتی ئیمارات.

هەروەها "کۆمپانیای قەتەر ستیل" لە وڵاتی قەتەر و "کۆمپانیای فوولاز ئەلقابیزە" لە بەحرەین، لەگەڵ "کۆمپانیای یەکگرتوو بۆ پیشەسازی ئاسن" لە کوێت، سەرەڕای ئەمانەش کۆمپانیای "یەهودا ستیل" لە ئیسرائیل خراوەتە ناو لیستی ئەو ئامانجانەی کە تاران هەڕەشەی لێدانیان لێ دەکات.


PM:07:52:29/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 2276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت