بۆ راگرتنی جەنگی ئێران ئیسلام ئاباد میوانداری کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی دەکات
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئاداری 2026، ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان میوانداری کۆبوونەوەی چوارقۆڵی دەکات کە وەزیرانی دەرەوەی میسر، سعودیە، تورکیا و پاکستان لەخۆدەگرێت.
کۆبوونەوەکە بۆ راوێژکردن لەسەر میکانیزمە ئەگەرییەکان بۆ وەستاندنی شەڕی بەردەوامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکراوە، لە ڕۆژانی 29 و 30ی ئادار لە ئیسلام ئاباد هەر چوار وەزیری دەرەوەی تورکیا، پاکستان و میسر و سعودیە کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆی قووڵ لەسەر کۆمەڵێک پرس لەوانە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.
ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان راگەیاندووە، "لە سەرەتادا بڕیاربوو کۆبوونەوەکە لە تورکیا بەڕێوەبچێت، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بانگهێشتی ئەو وەزیرانەی کردووە، بەهۆی سنوورداربوونی خشتەی کارکردن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پاکستان بە دڵسۆزی و بە پەرۆشییەوە کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە بەردەوامەکان و گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاریی دانوستانەکان، بەرپرسان خۆیان لە لێدوانی گشتی دەپارێزن".
AM:09:29:29/03/2026
ئهم بابهته 368
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت