دوای مانه‌وه‌ی 6 رۆژ له‌ ده‌ریا، 22 كۆچبه‌ر له‌ کەناراوەکانی یۆنان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌


وێستگەنیوز-

بەپێی ڕاپۆرتی پاسەوانی سنووری یۆنان، 22 کۆچبەر، دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی 6 رۆژ، له‌ناو به‌له‌مێكی لاستیكی و له‌ دۆخێكی سه‌ختدا، له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست، گیریان خواردوو، گیانیان له‌ده‌ستدا.


ئەم کۆچبەرانە لە وڵاتی لیبیاوە، بەڕێ کەوتبوون و بەپێی زانیارییەکان، له‌كاتی گه‌شته‌كه‌دا، تەرمەکانیان فڕێدراونەتە ناو ئاوەکەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا بڵاویکردەوە، لە نزیک دوورگەی "کریت"ی یۆنانی، 26 کەس ڕزگار کراون، له‌وانه‌ ژنێک و مێردمنداڵێکیان تێدایە، بەڵام هێشتا ڕەگەزنامەکانیان ڕانەگەیەندراوە.

ئەم پرۆسەی ڕزگارکردنە، لەلایەن بەلەمێکی سەر بە ئاژانسی چاودێریی سنوورەکانی ئەورووپا (فرۆنتێکس) ئەنجامدراوە. دوو لە ڕزگاربووەکانیش، گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی هێراکلیۆن لە دوورگەی کریت.

به‌ گوێره‌ی لێدوانی پاسه‌وانی كه‌ناراوه‌كان، بەلەمەکە لە 21ی ئادار، لە ناوچەی توبڕوق، لە ڕۆژهەڵاتی لیبیاوە بەرەو یۆنان بەڕێ کەوتوو، وڵاتی یۆنان وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك وایه‌، بۆ ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی هه‌وڵده‌ده‌ن بگه‌ن به‌ وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا.

پاسه‌وانی كه‌ناراوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، کۆچبەرەکان لە کاتی گەشتەکەدا، ڕێگەیان لێ تێکچووە و بۆ ماوەی 6 ڕۆژ، بەبێ ئاو و خۆراک، لەناو دەریادا ماونەتەوە.

بەپێی لێدوانی ئه‌وانه‌ی رزگاریان بووه‌، ئەو 22 کەسەی گیانیان لەدەستداوە، لەسەر فەرمانی یەکێک لە قاچاخچییەکان، تەرمەکانیان فڕێدراونەتە ناو دەریاوە.

لە ئێستاشدا دەسەڵاتدارانی یۆنان، دوو گەنجی خەڵکی باشووری سودان كه‌ ته‌مه‌نیان 19 و 22 ساڵه‌، بە تۆمەتی قاچاخچێتی دەستگیر كردووه.

هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ی ‌لێدوانی پاسه‌وانانی كه‌ناراوه‌كانی یۆنان، پرۆسه‌ی رزگاركردنه‌كه‌، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو روویداوه‌.


PM:10:22:28/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو