بەرپرسێکی باڵای ئێران لە دوورگەی "خارگ"ەوە پەیامێک ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ دەکات


وێستگەنیوز-

ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، لە تەحەدایەکی ڕاشکاوانەدا، بۆ جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا و هەڕەشەکانی ئیسرائیل، پەیامێکی توندی لە دڵی دوورگەی ستراتیژیی "خارگ"ەوە ئاراستە کرد و دووپاتی کردەوە سەقامگیریی ناوچەکە و ئاسایشی گەرووی هورمز، تەنها بە "ڕۆیشتنی هێزە بیانییەکان" بەدی دێت.


ئه‌مڕۆ شەممە، 28ی ئاداری 2026، عەزیزی لە کاتی سەردانیکردنێكی مەیدانیی، له‌گه‌ڵ ئەندامانی لیژنەکه‌ی په‌رله‌مان، بۆ دوورگەکە، ڕایگەیاند "خارگ" سەرەڕای فشارەکانی جەنگی دەروونی، وەک سیمبولی خۆڕاگری و هێڵی پێشەوەی پیشەسازیی نەوتی ئێران دەمێنێتەوە.

عەزیزی بۆ ئاژانسی "ئێرنا" ڕوونی کردەوە هەوڵەکانی "دوژمنان" بۆ زیانگەیاندن بە پسپۆڕانی پیشەسازیی نەوت، لە ڕێگەی چاوترسێنکردنەوە، نەیانتوانیوە هیچ جۆرە پەککەوتنێک لە ڕەوتی چالاکییە هەستیارەکاندا دروست بکەن.

ئه‌و بە تۆنێکی پڕ لە متمانەوە، جەختی له‌وه‌ کردەوە دامەزراوە نەوتییەکانی ناو دوورگەکە، ئەمڕۆ "لە هەموو کاتێک ئامادەترن" بۆ پرۆسەکانی کۆگاکردن، بارکردن و فرۆشتن.

هەروەها هەڕەشەکانی واشنتۆن و تەلئەبیبی بە "وەهم" وەسف کرد کە ناتوانن، کار بکەنە سەر دەسەڵاتی دەوڵەت یان توانای بۆ بەڕێوەبردنی گرنگترین ڕێڕەوی ئاویی جیهان.

ئەم لێدوانانە کە کەناڵی "RT" گواستوویەتییەوە، گرنگییەکی ستراتیژیی باڵایان هەیە، چونکە لە شوێنێکەوە هاتوون وەک "سییەکانی ئابووریی" ئێران هەژمار دەکرێت و لە کاتێکدایه‌ گەرووی هورمز، گرژییەکی نێودەوڵەتیی بێوێنە بەخۆیەوە دەبینێت.

چاودێران پێیان وایە گرێدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و دەریاوانی نێودەوڵەتی، لەلایەن تارانەوە بە "ڕۆیشتنی هێزە بیانییەکان"، وەک "کارتی فشار"ی کۆتایی دادەنرێت، لە بەرامبەر کۆکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا؛ هەروەها دووپاتکردنەوەی ئەوەیە دوورگەی خارگ، دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ هەر پەرچەکردارێکی یەکلاکەرەوەی ئێران، لە حاڵەتی هەر دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر دامەزراوەکانی.


PM:10:05:28/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو