ترەمپ: کەشتییەکانی بەریتانیا لەچاو ئه‌وانه‌ی ئەمریکا "یاریی منداڵانه‌"


وێستگەنیوز-

سەرۆکی ئەمریکا کەشتییەکانی بەریتانیای وەک "یاریی منداڵان" لەچاو کەشتییەکانی ئەمریکا وەسف کرد، ئەمەش دوای ئەوەی جارێکی تر لۆمەی هاوپەیمانی ناتۆی کردەوە.


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی هیوای خواست بگەنە چارەسەرێک بۆ جەنگەکە، گەڕایەوە سەر گوتارە توندەکەی و هەم ئێرانی کردە ئامانج و هەم هاوپەیمانی ناتۆ.

هەروەها وتی دەبێت تاران بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن "بپاڕێتەوە" و هاوپەیمانی ناتۆش "هیچی" نەکردووە بۆ یارمەتیدان لە جەنگێکدا کە بە بێ ڕاوێژکردن بەوان هەڵگیرساوە.

دۆناڵد ترەمپ، لە کاتی كۆبوونه‌وه‌ی ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆشکی سپی، دووبارە ڕەخنەی توندی ئاراستەی پشتیوانییە سەربازییەکانی بەریتانیا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

لە ئاماژەیەکدا بۆ هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی ئێران کە بنکەی سەربازیی "دییگۆ گارسیا"ی بەریتانی-ئەمریکی کردە ئامانج، سەرۆکی ئەمریکا وتی : "تاران تەنها یەک مووشەکی بۆ مەودای2 هه‌زار و 500 میل، هاوێشتووه‌، لە کاتێکدا وا بڕیار بوو ئەوان مووشەکی لەو شێوەیەیان نەبێت".

ترەمپ له‌ درێژه‌ی وه‌ڵامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت "بەڵام ئەوان بۆردومانی ئەو دوورگەیه‌یان كرد كه‌ له‌ ئێستادا به‌ناوبانگ بووه‌، پێشتر به‌ریتانیا زۆر له‌وه‌ ده‌ترسا ئه‌و دورگه‌یه‌ بدات به‌ ئێمه‌، چونكه‌ نه‌یانده‌ویست په‌لكێشی شه‌ڕكه‌ بكرێن. ئێمه‌ش نامانه‌وێت په‌لكێشی شه‌ڕه‌كه‌ی ئه‌وان بكرێین".

ترەمپ ڕەخنەكانی پێشووی دووباره‌ كرده‌وه‌، له‌وانه‌ش ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی به‌یانی ئه‌مڕۆ، ئاراستەی کردبوون و "زۆر نا ئومێدە" لە هاوپەیمانی ناتۆ و ده‌ڵێت: "هەندێک وڵات، دانەیەک یان دووانیان، بەیاننامەیەکیان دەرکردووە و دەڵێن دەمانەوێت دوای تەواوبوونی جەنگ، دەستوەردان بکەین. نەخێر، وا بڕیار بوو لە سەرەتای جەنگدا دەستوەردان بکەین، یان تەنانەت پێش دەستپێکردنی جەنگیش".

پاشان ترەمپ ڕووی قسەکانی به‌ تایبه‌تی کردە شانشینی یەکگرتوو ده‌ڵێت: "پێش سێ هەفتە، شانشینی یەکگرتوو ڕایگەیاند کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی دەنێرێت، بە ڕاستی باشترین کەشتی فڕۆکەهەڵگر نین. كه‌شتییه‌ فڕۆكه‌هه‌ڵگره‌كانی ئه‌وان، به‌ به‌راورد به‌وه‌ی لای ئێمه‌ هه‌یه‌، له‌ یاری منداڵان ده‌چن".

سەرۆکی ئەمریکا باسی له‌وه‌ كرد سەردانی فەرمی پادشا تشارلزی سێیەم بۆ واشنتۆن دی سی، لە مانگی داهاتوودا، کاریگەر نابێت، بەو ناکۆکییانەی لەگەڵ حکومەتی بەریتانیادا هەیە.


PM:10:50:26/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت