كۆشكی سپی: ترەمپ "دۆزەخ" بۆ کۆماری ئیسلامی بەرپا دەکات


وێستگەنیوز-

كۆشكی سپی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئاداری 2026 هۆشداریدا ئەگەر كۆماری ئیسلامی رێكەوتنەكە بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕ پەسەند نەكات، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە "دۆزەخێك" بۆ ئێران بەرپا بكات.

كارۆلاین لیڤیت، وتەبێژی كۆشكی سپی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی "ئەگەر ئێران راستی بارودۆخی ئێستا پەسەند نەكات، ئەگەر درك بەوە نەكات كە لە رووی سەربازییەوە شكستی خواردوە و دیسانەوە شكست دەخوات، سەرۆك كۆمار ترەمپ دڵنیایان دەكاتەوە كە زۆر بەهێزتر و توندتر لە هەر كاتێكی دیكە دەیانكاتە ئامانج".

وتیشی "سەرۆك كۆمار ترەمپ فشە ناكات و ئامادەی دۆزەخ دروست بكات. ئێران نابێت دیسان توشی حساباتی هەڵە ببێت".

وتەبێژی كۆشكی سپی ئاماژەی بەوەشدا "كۆتا حساباتی هەڵەی ئەوان بەنرخی لەدەستدانی رێبەری باڵایان، هێزی دەریاییان، هێزی ئاسمانییان و سیستمی بەرگریی ئاسمانییان تەواو بوو".

كارۆلاین لیڤیت هەروەها هۆشداری داوە "هەر جۆرە توندوتیژییەك لەمە بەدوا بەو هۆكارە دەبێت كە رژێمی ئێران قبوڵی نەكرد كە شكستی خواردوە و ئامادەش نیە بێتە سەر مێزی دانوستان".

لێدوانی وتەبێژی كۆشكی سپی لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ ئێران رایگەیاند پرۆژە 15 خاڵییەكەی ئەمریكا بۆ كۆتایی هێنان بەشەڕی قبوڵ نیە و لەبەرامبەردا 5 مەرجی بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕ راگەیاند.


PM:09:23:25/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت