ئێران لە دانوستانەكاندا لەگەڵ ئەمریکا چی دەوێت؟
وێستگەنیوز-
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، نوێنەرانی ئێران بە ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆكی ئەمریكایان ڕاگەیاندووە ئێران مەرجی قورسی هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان.
بەپێی هەمان سەرچاوە، تاران داوای داخستنی تەواوی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا، لە ناوچەی كەنداو دەكات، لەگەڵ پێدانی قەرەبوو لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی لە ماوەی جەنگدا كراونەتە سەر ئێران.
مەرجەكان ئەمانەش دەگرێتەوە: چەسپاندنی ڕێككاری نوێ لە گەرووی هورمز كە ڕێگە بە ئێران بدات، باج بخاتە سەر ئەو كهشتیانهی پێیدا تێدەپەڕن.
هەروەها ئێران داوای گەرەنتی دەكات بۆ ڕێگریكردن لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ، لەگەڵ ڕاگرتنی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵا لە لوبنان.
هاوكات ئێران سوورە لەسەر هەڵگرتنی تەواوی سزاكانی سەر وڵاتەكەی، لەگەڵ هێشتنەوەی بەرنامە مووشەكییەكەی بەبێ ئەنجامدانی هیچ دانوستانێك بۆ سنوورداركردنی.
لەلایەكی دیكەوە، بەرپرسێكی ئەمریكی ئەم داواكارییانەی بە "ناواقیعی و گاڵتەجاڕانە" وەسف كرد و پێی وابوو، ئەم ئاستە بەرزەی داواكارییەكان، گەیشتن بە ڕێككەوتن قورستر دەكات، وەك لەوەی پێش هەڵگیرسانی جەنگەكە هەبوو.
ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"یش لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، لایەنی ئێرانی بەو وڵاتانەی كە هەوڵی نێوەندگیری دەدەن، بۆ دەستپێكردنی وتووێژی ئاشتی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان، ڕاگەیاندووە ئەوان دوو جار لەلایەن دۆناڵد تڕەمپەوە، هەڵخەڵەتێنراون و نایانەوێت جارێكی دیكە فێڵیان لێبكرێتەوە.
ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، لایەنی ئێرانی بە نێوەندگیرەكانی (پاكستان، میسر و توركیا)ی ڕاگەیاندووە جووڵە سەربازییەكانی ئەمریكا و بڕیارەكەی تڕەمپ بۆ بڵاوەپێكردنی هێزی سەربازیی گەورە، گومانی ئەوەیان لادروست كردووە كە پێشنیازەكەی بۆ وتووێژی ئاشتی تەنیا فێڵێك بێت.
PM:01:54:25/03/2026
ئهم بابهته 504
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت