ئێران داوا لە چین و ڕووسیا دەکات له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش شكست به‌ جووڵەکانی دژی تاران بێنن


وێستگەنیوز-

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای لە چین و ڕووسیا کرد، بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو جووڵانەی، لە ئەنجومەنی ئاسایش، دژی تاران ئەنجام دەدرێن، هەڵوێستێکی توند بگرنەبەر.


ئەم داواکارییە لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هات کە دوێنێ سێشه‌ممه‌، 24ی ئازاری 2026، عێراقچی لەگەڵ وانگ یی، هاوتا چینییەکەی ئەنجامیدا و تێیدا پەرەسەندنە ناوچەییەکان و لێکەوتەکانی هێرشە سەربازییەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران، تاوتوێ کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران لەو پەیوەندییەدا، بە توندی سەرکۆنەی جموجوڵه‌كانی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی دیکە، لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد، بۆ گوشارخستنە سەر ئێران.

جەختیشی کردەوە ئەنجومەنەکە لەبری ئەوەی ئەرکی خۆی لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا جێبەجێ بکات "چاوپۆشی لە هۆکاری سەرەکیی دۆخی ئێستا دەکات، ئەویش دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە و لۆمەی ئێران دەکات كه‌ مافی بەرگری لە خۆی بەکاردەهێنێت".

عێراقچی باس له‌وه‌ ده‌كات، ئێران بە جدیی چاوەڕوانی ئه‌وه‌ له‌ وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش، بەتایبەت چین و ڕووسیا ده‌كات "هەڵوێستێکی جدیی" بنوێنن لە سەرکۆنەکردنی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و "ڕێگری بکەن لە بەردەوامیی قۆستنەوەی" ئەنجومەنی ئاسایش لەلایەن ئەمریکاوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران، تیشکی خستە سەر ئەو دەستدرێژی و "تاوانانەی" ئەمریکا و ئیسرائیل، دژی ئێران ئەنجامیان داوە و ئەوانی بە هۆکاری سەرەکیی دۆخی ئێستای ناوچەکە دانا.

هەروەها دووپاتی کردەوە ئێران سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە بەرگری لە سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکەکەی، تا بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەکانی و ناچارکردنی دەستدرێژیکاران بۆ پەشیمانبوونەوە لەو هێرشە.

عێراقچی ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ دۆخی گەرووی هورمز، لە بارودۆخی گشتیی ناوچەکە جیا ناکرێتەوە و ده‌ڵێت:" ئەو ناسەقامگیرییەی بەسەر کەنداو و گەرووی هورمزدا سەپێنراوە، ئەنجامی ڕاستەوخۆی هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ سەر ئێران".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌یدا، جەختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه،‌ ڕێکار و هەنگاوەکانی ئێران، هاوتای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ئامانج لێی "بەرگری لە سەروەری و ئاسایشی نیشتمانی و ڕێگرییە لە دەستدرێژیکاران بۆ ئەوەی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە، بۆ کاری دوژمنکارانە دژی ئێران بەکارنەهێنن".

لە کۆتاییدا عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد گەرووی هورمز، بەڕووی کەشتییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەو لایەنانەی دیکەدا داخراوە کە بەشدارن لە دەستدرێژییە سەربازییەکەی سەر ئێران، تێپەڕبوونی کەشتییەکانی وڵاتانی دیکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە ئێرانییەکان بەڕێوە دەچێت.


PM:12:11:25/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت