بەحرەین بڕیارنامەیەك دژ بە ئێران ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش دەكات


وێستگەنیوز-

شانشینی بەحرەین رەشنوسی بڕیارنامەیەك ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش كرد كە ئەگەر پەسەند بكرێت، رێگە دەدات وڵاتان "هەموو ئامرازەكان" بۆ پاراستنی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بەكاربێنن.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، لەو دەقە پێشنیاركراوەدا كە ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە، كردەوەكانی كۆماری ئیسلامی وەك هەڕەشەیەك بۆ ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی ناولێبراوە‌و رێگەی بە وڵاتان دەدات بە تەنیا یان لەڕێگەی ئیئتلافێكی دەریایی فرەنەتەوەیی خوازیارانە، "هەموو ئامراز و رێگایەكی پێویست" لە ناوخۆ و دەوروبەری گەرووی هورمز، بۆ گەرەنتی هاتوچۆی دەریایی كەڵك وەرگرن.

رەشنوسی بڕیارنامەكە داوا لە ئێران دەكات بەخێرایی سەرجەم هێرشەكانی بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان رابگرێت و هەر چەشنە رێگرییەك بۆ هاتوچۆی ئازادانەی لەناو گەرووی هورمز یان دەوروبەری لاببات.

بەپێی راپۆرتەكەی رۆیتەرز هەموو وڵاتانی عەرەبی كەنداو ئەمریكا پشتگیری رەشنوسی بڕیارنامەكە دەكەن بەڵام ئەستەمە چین و روسیا رێگە بدەن لە ئەنجومەنی ئاسایش پەسەند بكرێت.


PM:12:38:24/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت