وردەکاریی کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە لەندەن
وێستگەنیوز -
گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی
ئێران، خۆیان بۆ سازدانی کۆنگرەیەکی گشتگیر، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، ئامادە
دەکەن و تێیدا چەندین ڕەوتی سیاسی جیاواز بەشدار دەبن.
بڕیارە دوای چەند ڕۆژێکی
دیکە، کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمییەکان و نوێنەری پارتە نەتەوەیی و سەربەخۆکان کۆببنەوە،
ئەمەش دەبێتە یەکەمین کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆن، دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمریکا
و ئیسرائیل.
بەپێی زانیارییەکانی
ههردوو ماڵپهڕی ئهلعهرهبییه نێت و ئهلحهدهس نێت، کۆبوونەوەکە لەژێر ناوی "کۆنگرەی ئێرانی
ئازاد" لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی ئەم مانگە
(ئازار) لە لەندەن بەڕێوەدەچێت. لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەکەش پێکهاتووە لە:
"ئارام حیسامی، ئیسماعیل عەبدی، جەلیل شەرهانی، ئومێد شەمس، جوما بۆرش، حسێن ڕەزاق،
سەعید دەهقان و شەهریان ئاهی".
ئەم کۆنگرەیە دوای کۆبوونەوەیەکی
هاوشێوە دێت کە لە مانگی شوباتدا بە نهێنی ئەنجامدرا. بەڵام ئەمەی ئێستا، بەرفراوانترە
و تێیدا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی
ئێران بە ڕابەرایەتی عەبدوڵڵای موهتەدی، پارتی تهبایی دیموكراتی ئههواز، پارتی گەلی
بەلووچ، دەستەی هەماهەنگی ڕێکخراوە ئەهوازییەکان (کە لە ٨ ڕەوت پێکهاتووە)، پارتی
دیموکراتی ئازەربایجان، گرووپی "گوڵ ڕوو"ی چەپ و چەندین دیپلۆماتکاری پێشووی
ئێران، وەک میهرداد خونساری و کەسایەتی ناسراو وەک دەرهێنەر موحسین مەخمەڵباف و كهسایهتی
ئۆپۆزسیۆن وهك موحسین سازگارا بەشداری تێدا دەکەن.
چین و توێژی
"بازاڕ"
بڕیارە دوای ئەم کۆنگرەیە،
کار بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەک یان هاوپەیمانێتییەک بکرێت، له پێناو کۆکردنەوەی ئەو
لایەنە ئۆپۆزسیۆنانەی بڕوایان بە سیستمێکی "کۆماری" یان " نا ناوەندییەت/
لا مهركهزییهت" هەیە. گرنگی ئەم کۆنگرەیە لەوەدایە، لەلایەن هەندێک سەرمایەداری
ئێرانی لە چین و توێژی "بازاڕ" پاڵپشتی دەکرێت، کە پێشتر پاڵپشتی ڕژێمەکەی
تارانیان دەکرد.
ئامانجی بەشداربووان،
وەک ئەندامێکی لیژنەی ئامادەکاری ئاماژەی پێداوە، بهشداریكردنی گەلانی غهیره
فارسە، لە هەر جووڵانەوەیەکی ناوخۆیی بۆ گۆڕانکاری، چونکە وەک ئەو دەڵێت: "هیچ
گۆڕانکارییەک لە ناوخۆی ئێران، بەبێ بەشداری پێکهاتە غهیره فارسەکان ڕوونادات."
پاڵپشتی ناوخۆ
جەلیل شەرهانی، ئەندامی
مەکتەبی سیاسی پارتی تەبایی دیموکراتی ئەهواز ڕایگەیاند: "ئەم کۆنگرەیە زۆرینەی
ئۆپۆزسیۆنی ئێران کۆدەکاتەوە و ئامانج لێی گفتوگۆیە لە نێوان ڕەوتە جیاوازەکاندا".
هەروەها دهڵێت:
" لە کەسایەتییە کاریگەرەکان، کۆمەڵێک لیژنەی کار پێکدەهێنرێت کە لە ناوخۆی ئێراندا
پێگەیان هەیە، بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا، ببنە جێگرەوەی (بەدیل) ڕژێمی ئێستا."
جێی ئاماژەیە، لەم کۆنگرەیەدا
لایەنگرانی ڕەزا پەهلەوی و مریەم ڕەجەوی بەشدار نین. بەشداربووان تاوتوێی شێوازی
حوکمڕانی دوای ڕژێمی ئێستا دەکەن و زۆرینەیان لەسەر سیستمی کۆماری یان لا مەرکەزی
کۆکن، بەڵام لە ئێستادا بیرۆکەی "فیدڕاڵی"یان وەلاناوە.
ئەم کۆنگرەیە، لەوەتەی
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە کۆتایی مانگی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە، بە یەکەمین هەنگاوی ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت.
PM:02:06:23/03/2026
ئهم بابهته 324
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت