وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا رایدەگەیەنێت کە پابەندە بە پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام گۆڕانکارییەکانی دوای 28ـی شوباتی 2026، دۆخێکی نوێی یاسایی لە ناوچەکەدا دروست کردووە.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە، گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی بازرگانیی نێودەوڵەتیدا دانەخراوە، بەڵکو تاران تەنیا رێگری لەو کەشتیانە دەکات سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل یان پەیوەندییان پێیانەوە هەیە. ئێران ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی "مافی بەرگری لەخۆگرتن" و وەک وەڵامێکە بۆ ئەو هێرشە سەربازییانەی کراونەتە سەری.

هەروەها دەڵێت: ئەو کەشتیانەی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیلن، چیتر سیفەتی "تێپەڕبوونی سەلامەتی" نایانگرێتەوە و وەک لایەنی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەمەش بە پشتبەستن بەو دۆخە جەنگییەی کە بە وتەی تاران، واشنتن و تەلئەڤیڤ بەسەر ناوچەکەدا سەپاندوویانە.

سەبارەت بە وڵاتانی دیکە، ئێران دڵنیایی داوە کەشتییە ئەوانەی لایەنگری دوژمن نین دەتوانن بە شێوەیەکی ئارام لە گەرووی هورمز تێپەڕ بن، بەڵام بە دوو مەرج:

1- بە هیچ شێوەیەک هاوکاری یان بەشداری لە کردەوە دوژمنکارییەکانی دژ بە ئێران نەکەن.

2- پابەندی ڕێنماییە ئەمنییەکان بن و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران بکەن.

تاران بە توندی ئەمریکا و ئیسرائیل بە بەرپرسیاری سەرەکیی تێکچوونی ئاسایشی دەریاوانی لە کەنداو و گەرووی هورمز دەزانێت. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک لەم رێڕەوەدا، ئەنجامی ئەو شەڕە نایاساییەیە کە دژ بە ئێران بەرپا کراوە."

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردووەتەوە، گەڕانەوەی ئارامیی هەمیشەیی بۆ گەرووی هورمز تەنیا بە یەک مەرج دەبێت: "کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییە سەربازییەکان، راگرتنی هەڕەشەکان و رێزگرتن لە بەرژەوەندییە رەواکانی کۆماری ئیسلامی ئێران." هەروەها ئاماژە بەوە دراوە هەر دەسپێشخەرییەک بۆ ئاسایشی ناوچەکە، دەبێت بە هەماهەنگی و رەزامەندی تاران بێت.


AM:10:20:23/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت