موشەکی "سەجیل" چەکە ستراتیژییەکەی ئێران لە جەنگدا


وێستگەنیوز-

ئێران دواجار بۆ یەکەمجار، موشەکی بالیستیی ستراتیژیی مەودا دووری "سەجیل"ی لە هێرشه‌كانی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 4"دا بەکارهێنا، ئه‌م موشەکه‌ كڵاوه‌یه‌كی جەنگیی زۆر قورسی هه‌یه‌ و تاران ئەم موشەکە بە ستراتیژ وەسف دەکات و تا ئێستا بە ژمارەیەکی زۆر کەم لە شەپۆلی په‌نجاوچوارهه‌مین هێرشەکاندا، خراوەتە خزمەتەوە.


موشه‌كی سجیل، لەگەڵ موشەکە قورسەکانی وەک خورەمشار، کاسر خەیبەر، قەدر وعیماد، بۆ لێدانی سەنتەرەکانی فەرماندەیی، ژێرخانی سەربازی و شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، لەناو خاکی ئیسرائیل بەکارهێنراوە.

بەپێی ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی، موشەکی سەجیل، یەکەم موشەکی بالیستیی مەودا دووری ئێرانییە کە بە سووتەمەنیی ڕەق کار دەکات، ئەم موشەکە لە 13ی تشرینی دووەمی 2008دا، بە ئامادەبوونی مستەفا محەمەد نەجار، وەزیری بەرگریی ئەو کات، پەردەی لەسەر لادرا و تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدرا. موشەکەکە بە دوو جۆر دیزاین بەرهەمهێنراوە، ئەوانیش "سەجیل-١" و "سەجیل-2"ن.

تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی "سەجیل"

درێژیی موشەکەکە 17.57 مەترە، تیرەکەی 57.1 مەتر و کێشەکەشی نزیکەی 23 هەزار کیلۆگرامە؛ هەروەها كڵاوه‌یه‌كی جەنگیی جیاوەبووی پێوەیە کە کێشەکەی نزیکەی یەک تۆنە. موشەکەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت: کەرتی یەکەم، کەرتی دووەم و كڵاوه‌ جەنگییەکە.

ئەم موشەکە بزوێنەرێکی دوو قۆناغی هەیە کە بە سووتەمەنیی ڕەق کار دەکەن، بە كڵاوه‌ جه‌نگییه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ كێشی یەک تۆنە، دەتوانێت بگاتە مەودای 2000 کیلۆمەتر. موشەکەکە لە ماوەی 835 چرکەدا (واتە نزیکەی 13 خولەک و 55 چرکە)، دەگاتە ئەوپەڕی مەودای خۆی. هەروەها دەتوانێت تا بەرزایی زیاتر لە 250 کیلۆمەتر بفڕێت و پێش پێکانی ئامانجەکە، خێراییەکەی دەگاتە نزیکەی 4300 مەتر لە چرکەیەکدا.

بۆچی "سەجیل" بە چەکێکی ستراتیژی دادەنرێت؟

بەپێی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، موشەکی "سەجیل" تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە، ئەویش کاتێکی زۆر کەمی بۆ ئامادەکردن و هاویشتن پێویسته‌ کە لە چەند خولەکێک تێناپەڕێت، جگە لە خێراییەکی زۆر لە کاتی هەڵدانیدا کە چانسی ڕێگریلێکردنی کەم دەکاتەوە.

موشەکەکە دوای چوونە دەرەوەی لە بەرگەهەوا، ڕێڕەوێکی ئاسۆیی دەگرێتە بەر و پاشان بە خێراییەکی ئێجگار زۆر کە دەگاتە نزیکەی 12 ماخ دەگەڕێتەوە ناو بەرگەهەوا، ئەمەش وادەکات ڕێگریلێکردنی لە ڕێگەی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییە نوێیەکانەوە، کارێکی یەکجار ئەستەم بێت.

موشه‌كی "سەجیل-٢" سووتەمەنییەکی ڕەقی پێشکەوتووتر بەکاردێنێت و خێرایی و وردییەکی زیاتری هەیە، هەروەها سیستمی ڕێدۆزییەکەی (Navigation) بەراورد بە موشەکەکانی تری ئێران، باشتر کراوە. ماڵپەڕی "Army Recognition" لە ڕاپۆرتێکی ئەم مانگەدا،16ی ئازار، ئاماژەی بە بەکارهێنانی "سەجیل" کردووە و ڕایگەیاند دەرکەوتنی ئەم موشەکە، ڕەهەندێکی کرده‌یی و پەیامێکی سڵەمێنەرەوەی ستراتیژی لەخۆدەگرێت، کە ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنی ئێرانە، لە تەکنەلۆژیای سووتەمەنیی ڕەقدا.

لە لایەکی تریشەوە، ماڵپەڕی "ناشناڵ ئینترێست"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا، موشەکی سەجیلی وەک خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ لە پیشەسازیی موشەکیی ئێراندا وەسف کردووە و ئاماژەی بە پەرەپێدانی "سەجیل-2" و ئەگەری کارکردن لەسەر "سەجیل-3" کردووە.

دەستەواژەی "ماخ" (Mach) یەکەیەکی پێوانەیە بۆ خێرایی دەنگ. کاتێک دەڵێین موشەکێک خێراییەکەی 12 ماخە، واتە 12 جار خێراترە لە دەنگ.
بۆ ئەوەی بە ژمارە بۆت ڕوون بێتەوە:

خێرایی دەنگ لە هەوادا نزیکەی 1.235 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.
کەواتە خێرایی 12 ماخ دەکاتە:
12 \times 1,235 = 14,820
واتە نزیکەی 14 هەزار و 820 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.


PM:08:13:22/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت