ئەکسیۆس: دەوڵەتی ترەمپ باسە سەرەتاییەکانیان بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دەستپێکردوە
وێستگەنیوز-
ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئەمڕۆ
شەممە، 21ـی ئاداری 2026، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد
دەوڵەتی ترەمپ باسە سەرەتاییەکانیان بۆ دانوستانی ئاشتی لەگەڵ ئێران دەستپێکردوە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان
بەوە کرد، جارێد کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ
ئێران، بەشدارن لە گفتوگۆ چڕەکان سەبارەت بە داڕشتنی مەرجەکانی هەر رێککەوتنێکی
داهاتوو.
ئەکسیۆس دەنوسێت: کردنەوەی گەرووی هورمز، چارەسەرکردنی کێشەی یۆرانیۆمی
پیتێنراو، گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەکە بالیستییەکان
و پاڵپشتییەکانی ئێران بۆ گرووپە وەکالەتدارەکانی لە ناوچەکەدا.
لەبەرامبەردا
خواستەکانی ئێران وەک ئاگربەس، دووپات نەبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە
داهاتوو و پیدانی غەرامەیە.
بە پێی راپۆرتەکە هەرچەندە
لە چەند رۆژی رابردوودا هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاراندا نەبووە،
بەڵام وڵاتانی میسر، قەتەر و بەریتانیا وەک ناوبژیوان پەیامیان لە نێوان هەردوولادا
گواستووەتەوە.
سەرچاوەکان ئەوەشیان
خستووەتە روو، میسر و قەتەر لایەنی ئەمریکی و ئیسرائیلییان ئاگادار کردووەتەوە کە
ئێران ئارەزووی دانوستان دەکات، بەڵام بە مەرجی زۆر قورس، کە گرنگترینیان: راگرتنی
هەمیشەیی جەنگ، پێدانی گەرەنتی بۆ دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکان و پێدانی قەرەبووی
داراییە.
بەرپرسێکی باڵا بە ئەکسیۆسی وتووە کە ئەمریکا داوا دەکات ئێران شەش مەرج
پەسەند و جێبەجێی بکات لەوانە: "راگرتنی تەواوەتی بەرنامەی مووشەکی بۆ
ماوەی پێنج ساڵ"، "گەیاندنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سفر"،
"لەکارخستنی تێکڕای کارتێکەرە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆ کە پێشتر
بۆردومان کراون"، "چەسپاندنی پرۆتۆکۆڵی چاودێریی توند لەسەر دروستکردن و
بەکارهێنانی ئامێرەکانی سەنتەرفیوج"، "واژۆکردنی پەیماننامەی کۆنترۆڵکردنی
چەک لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بە شێوەیەک ژمارەی مووشەکەکانی ئێران لە هەزار مووشەک
تێپەڕ نەکات" و "بڕینی تەمویلی دارایی بۆ حزبولڵای لوبنان، حووسییەکانی یەمەن
و حەماسی غەزە".
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییانەی
دەوڵەتی ترەمپ نیشانەی ئەوەن کە واشنتن دەیەوێت پێشوەختە ئامادەکاری بکات بۆ هەر ئەگەرێکی
کۆتاییهاتنی جەنگ لە ئاییندەیەکی نزیکدا، بە مەرجێک کە هاوشێوەی ئەو پێشنیازانە بن
کە دوو ڕۆژ پێش دەسپێکی جەنگ لە جنێڤ پێشکەشی ئێرانیان کردبوو.
PM:11:31:21/03/2026
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت