ئەكسیۆس: CIA و مۆساد بۆ نیشانەیەك لە موجتەبا خامنەیی دەگەڕێن


وێستگەنیوز-

ماڵپەڕی ئەكسیۆس بڵاویكردەوە كە دەزگای هەواڵگری ئەمەریكی (سی ئای ئەی)‌و مۆسادی ئیسرائیلی ‌و چەندین دەزگای هەواڵگری دیكە لەهەوڵی دۆزینەوە نیشانەكانی زیندووبوونی موجتەبا خامنەیین.

بەپێی راپۆرتەكەی ئەكسیۆس ئەم دەزگا هەواڵگرییانە چاوەڕوانی ئەوە بوون كە موجتەبا خامنەیی وەكوو باوكی، بە بۆنەی نەورۆزەوەو لانیكەم ڤیدیۆیەكی بڵاوبكردایەتەوە، بەڵام لەپاش كوژرانی باوكی تا ئێستا خۆی شاردوەتەوە و تەنیا لە بۆنەكانی نەورۆزدا بەیاننامەیەكی بەنوسراو بڵاوكردەوە.

بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلی بە ئەكسیۆسی وتووە "ئێمە هیچ بەڵگەیەكمان نیە كە لە ئێستادا لە ئێران كەسێك هەبێت فەرمان دەربكات". لەكاتێكدا بەرپرسێكی ئەمریكی دۆخەكە بە "زۆر سەرسوڕهێنەر" وەسف دەكات.

ئەم بەرپرسە ئەمریكییە دەڵێت "ئێمە وابیر ناكەینەوە كە ئێرانییەكان ئەم هەموو سەرئێشەیە بۆ هەڵبژاردنی كەسێكی مردوو وەك رێبەر قبوڵ كردبێت، بەڵام لە هەمان كاتدا هیچ بەڵگەیەكمان نیە كە لە ئێستادا ئەو دەسەڵاتی ئێرانی بە دەستەوە بێت".

بەرپرسێكی دیكەی ئەمریكی بۆ ئەکسیۆسی ئاشكرا دەكات كە "سی ئای ئەی" لە هەوڵی ئەوەدایە كە پشتڕاستی بكاتەوە كە ئایا وێنەكانی موجتەبا خامنەیی كە لەگەڵ پەیامە نەورۆزییەكەیدا بڵاوكرانەوە نوێن یا كۆن.

ئەو دەڵێت "ئێمە چاوەڕوان بووین كە بەجۆرێك موجتەبامان ببینیایە، بەڵام ئەو ئەم دەرفەتە و نەریتەی بەكار نەهێنا كە بە ڤیدیۆیەك پەیامەكە بڵاوبكاتەوە.


PM:07:52:21/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت