ترەمپ: گەرووی هورمز دەبێت لە لایەن ئەو وڵاتانەوە بپارێزرێت کە سوودی لێ دەبینن
وێستگەنیوز-
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ئەمریکا لە لێواری بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجە سەربازییەکانیدایە بەرانبەر بە ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد، گەرووی هورمز دەبێت لە لایەن ئەو وڵاتانەوە بپارێزرێت کە سوودی لێ دەبینن.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 21ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاند، "ئەمریکا زۆر نزیک بووەتەوە لە پێکانی ئەو ئامانجانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران دەستنیشانی کردبوون".
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی پرۆسەی کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتەکەی لەسەر پێنج تەوەرەی سەرەکی کار دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی لە لایەن تارانەوە دروست دەکرێن، کە بریتین لە:
-لاوازکردنی تەواوەتی توانای مووشەکیی ئێران، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و هەموو ئەو کەرەستانەی پەیوەندییان بەو بوارەوە هەیە.
- تێکشکاندنی بنکەی پیشەسازیی بەرگریی ئێران بە شێوەیەک کە نەتوانێت هێزی سەربازی خۆی نۆژەن بکاتەوە.
-لەناوبردنی هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران، لەگەڵ سەرجەم چەکە دژە فڕین و بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە.
- رێگریکردنی هەمیشەیی لەوەی ئێران تەنانەت نزیکیش ببێتەوە لە بەدەستهێنانی توانای ئەتۆمی، لەگەڵ هێشتنەوەی ئەمریکا لە پێگەیەکدا کە بتوانێت بە خێرایی و بەهێزی وەڵامی هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە بداتەوە.
-پاراستنی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرزترین ئاستدا، لەوانەش ئیسرائیل، سعودییە، قەتەر، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان، بەحرەین، کوەیت و وڵاتانی دیکە.
ترەمپ باسی لە ئاسایشی گەرووی هورمز کرد و وتی، "گەرووی هورمز دەبێت لە لایەن ئەو وڵاتانەوە بپارێزرێت کە سوودی لێ دەبینن و بەکاری دەهێنن، چونکە ئەمریکا بەکاری ناهێنێت".
وتیشی، "ئەگەر داوامان لێ بکرێت، ئەمریکا هاوکاری ئەو وڵاتانە دەکات لە هەوڵەکانیاندا بۆ پاراستنی گەرووەکە، بەڵام پێم وایە کاتێک هەڕەشەی ئێران بنبڕ کرا، پاراستنی گەرووەکە دەبێتە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی زۆر ئاسان بۆ وڵاتانی ناوچەکە".
ترەمپ جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەوان کۆتاییهێنانە بە هەڕەشەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا.
AM:09:51:21/03/2026
ئهم بابهته 224
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت