رۆیتەرز: ئەمریكا فەوجێكی جەنگی و هەزاران مارێنز رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات


وێستگەنیوز-

سێ بەرپرسی ئەمریكی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان وتووە كە سوپای ویلایەتە یەكگرتووەكان سەرقاڵی ناردنی فەوجێكی جەنگی (سكوادرۆن) و هەزاران مارێنز و مەلەوانی یەدەك بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

دوو كەس لەم بەرپرسانەی رۆژی هەینی 20ی ئاداری 2026 بە رۆیتەرزیان وتووە كە تا ئێستا هیچ "بڕیارێك" بۆ ناردنی هێز بۆ ناوخاكی ئێران نەدراوە، بەڵام ئەم هەنگاوە بۆ "بەهێزكردنی ئامادەیی هێزەكان بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنی داهاتوو لەناوچەكەیە".

ناردنی كەشتی جەنگی "یو ئێس ئێس بۆكسەر"، (كەشتییەكی شەڕكەری ئاوی – خاكی) لەگەڵ ناردنی چەكدارانی مارێنز و كەشتییە جەنگییەكانیان، لەدوای ئەوەوە دێت كە رۆیتەرز لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردبوو كە دەوڵەتی دۆناڵد ترەمپ سەرقاڵی "ناردنی" هەزاران هێزی سەربازیی بۆ بەهێزكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

یەكێك لەو سەرچاوانە وتوویەتی كە ئەم هێزانە نزیكەی سێ حەوتوو زووتر لە پلان خۆیان لە كەنارەكانی رۆژئاوای ئەمریكا كەوتوونەتە رێ. ئەم یەكە سەربازییە نزیكەی 2 هەزار و 500 مارێنزی ئەمریكین.

بەپێی راپۆرتەكەی رۆیتەرز، ئەم هێزانە بەو 50 هەزار هێزەی ئەمریكا زیاد دەبێت كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیركراون. پێشتریش هەواڵەكانی باسیان لەوە كردبوو كە كەشتی جەنگی "یو ئێس ئێس تریپولی" لەگەڵ 2 هەزار و 500 مارێنزی دیكە لە ئاسیای رۆژهەڵاتەوە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراون و چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو بگەنە جێگا.


PM:09:16:20/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت