دۆناڵد ترەمپ: ئێمە ئاگاداری ئەوەنەبووین کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر کێڵگەی گازی "پارس" لە ئێران
وێستگەنیوز-
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ئاگاداری ئەوە نەبوون کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر کێڵگەی گازی "پارس" لە ئێران، دەشڵێت، " ئیسرائیل چیتر هێرش ناکاتە سەر ئەو کێڵگە گازییەکە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس رایگەیاند، "ئیسرائیل لە ئەنجامی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێرشێکی تووندی کردووەتە سەر بەشێکی کێڵگەی گازی " پارس" لە ئێران".
ئاماژەی بەوەکرد، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاگاداری ئەو هێرشە نەبووە و وڵاتی قەتەریش بە هیچ شێوەیەک دەستی لەو کارەدا نەبووە و زانیاری پێشوەختەشی نەبووە".
لە پەیامەکەشیدا وتی، "ئێران بەهۆی نەبوونی زانیاری دروست بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە هێرشی کردووەتە سەر بەشێک لە دامەزراوەکانی گازی سروشتی (LNG)ی وڵاتی قەتەر، کە ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشەکەی ئیسرائیل ئەنجامدراوە".
وتیشی، "ئیسرائیل چیتر هێرش ناکاتە سەر ئەو کێڵگە گازییە، مەگەر ئێران بڕیارێکی نادروست بدات و هێرش بکاتە سەر لایەنێکی بێتاوان وەک قەتەر ، لەو حاڵەتەشدا ئەمریکا چ بە هاوکاری ئیسرائیل بێت یان بە تەنیا، تەواوی کێڵگەی گازی پارس دەتەقێنێتەوە".
ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەی ئاماژەی بەوەشدا، "هەرچەندە نامەوێت ئاستێکی لەو شێوەیە لە وێرانکاری و تووندوتیژی بەکاربهێنین بەهۆی کاریگەرییە درێژخایەنەکانی لەسەر داهاتووی ئێران، بەڵام ئەگەر دامەزراوەکانی گازی قەتەر جارێکی دیکە بکرێنە ئامانج، لە سڕینەوەی کێڵگە گازییەکەی ئێران سڵ ناکەینەوە".
AM:09:29:19/03/2026
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت