پزیشکیان: هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە دۆخی ئەمنی ناوچەکە خراپتر دەکات


وێستگەنیوز-

سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیامێکدا بە ئامانجگرتنی کەرتی وزەی وڵاتەکەی مەحکوم دەکات و دەڵیت "ئەم هێرشانە هیچ دەستکەوتێک بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بە دەست ناهێنن و دۆخی ئەمنی ناوچەکە خراپتر دەکات".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، پەیامێکی بڵاو کردەوە، تێیدا بە توندی سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی ژێرخانەکانی وزە و تێکدانی کەرتی سووتەمەنی و کارەبای لە وڵاتەکەی کرد.

پزیشکیان ڕایگەیاند: "ئەم کارە دوژمنکارانە و دەستدرێژییانە، هیچ دەستکەوتێک بۆ دوژمنی ئیسرائیلی-ئەمریکی و هاوپەیمان و پشتیوانانیان بەدەست ناهێنن."

پزیشکیان ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم جۆرە کردەوانە نەک هەر ناتوانن ئیرادەی گەل و دەوڵەتی ئێران بشکێنن، بەڵکو تەنیا دەبنە هۆی ئاڵۆزترکردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و دەنوسێت "ئەم ڕەفتارانە دەبنە هۆی دروستبوونی لێکەوتەی وەها کە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچن و سێبەرە رەشەکانی و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان تەنیا لە سنوورەکاندا نامێننەوە، بەڵکوو تەواوی جیهان دەگرنەوە."

وتەکانی پزیشکیان لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، کێڵگەی پەترۆکیمیایی "پارسی باشوور" لە ناوچەی عەسەلویە لە باشووری ئێران لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆردومان کرا. 


PM:10:00:18/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت