ترەمپ: گەرووی هورمز بۆ ئەو وڵاتانە جێدەهێڵین کە خۆیان بەکاریدەهێنن
وێستگەنیوز-
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیامێکی توند سەبارەت بە ئێران بڵاودەکاتەوە و دەڵێت "بەرپرسیارێتیی پاراستنی گەرووی هورمز بۆ ئەو وڵاتانە جێدەهێڵین کە خۆیان بەکاریدەهێنن".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیاڵ) پەیامێکی توندی سەبارەت بە ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سەرسامم بەوەی چی روودەدات ئەگەر کۆتایی بە پاشماوەی دەوڵەتی تیرۆریستیی ئێران بهێنین؟".
سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز، ترەمپ وتی، "باشترە بەرپرسیارێتیی پاراستنی گەرووی هورمز بۆ ئەو وڵاتانە جێبهێڵین خۆیان بەکاریدەهێنن، لەبەرئەوەی ئێمە پێویستمان پێی نییە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە وادەکات بەشێک لە هاوپەیمانە بێهەڵوێستەکانمان بە خێرایی بێنە سەر خەت و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ".
ئێران هەوڵ دەدات کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز وەک کارتی گوشار دژی هێرشە چڕەکانی ئەمریکا و ئیسراییل بەکاربهێنێت، کە تاوەکو ئێستا هەزاران ئامانجیان لەنێو ئێران پێکاوە، هێزی دەریایی ئەو وڵاتەیان تێکشکاندووە و سەرکردە باڵاکانیشیان کوشتوون.
هەرچەندە تەنیا ژمارەیەکی کەم لە کەشتییە بازرگانییەکان لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج، بەڵام هەڕەشەکە بەس بووە بۆ پەکخستنی هاتوچۆی دەریایی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە سەرانسەری جیهان.
سوپای ئەمریکا درەنگانی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، "بۆمبی قورسی دژە حەشارگەی بۆ لێدانی پێگە مووشەکییەکانی ئێران لە کەناراوەکانی نزیک تەنگەی هورمز بەکارهێناوە".
PM:04:39:18/03/2026
ئهم بابهته 340
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت